د.هەڤاڵ ئەبوبەکر: کۆتایی بە فرەکوێخایی‌و تاک کوێخایش دەهێنین

سەرۆکی لیستی بزوتنەوەی گۆڕان، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر لەدیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ گۆڤاری سپی میدیادا باس لە کێشەو قەیرانەکانی ساڵانی پارێزگای سلێمانی دەکات‌و دەڵێت "کۆتایی بە فرە کوێخایی دەهێنین لە سلێمانی.


سپی میدیا: کێشەی پاریزگای سلێمانی چییە؟
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر: كێشەكان زۆرن، دیارترینیان دەستی دیاری حیزبە لە ژیانی گشتیی و ئیدارەدانی پارێزگاكەدا، مۆنۆپۆڵكردنی بازاڕو دەرفەتی وەبەرهێنانە لەلایەن چەند كۆمپانیایەكی دیاریكراوەوە، سودوەرنەگرتنە لە داهات و سامانی پارێزگاكەو ئەو سزایانەیە كە ڕۆژانە بەسەر هاووڵاتیانی ئەم پارێزگایەدا چەند بارەی دەكەنەوە، فراوانی جوگرافیای ئیداریی و دانیشتوانە، ئەم پارێزگایە خۆی بۆ خۆی چوار پارێزگایە (سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان، ئیدارەی ڕاپەڕین)، شانزدە قەزاو چلوپێنج ناحیەو زیاتر لە دوو هەزارە دوو سەد لادێ و گوندی هەیە، زۆربەیان لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا وێرانكراون، بەشی زۆری ناوچەكانی بەر شاڵاوی ئەنفال و كیمیایی باران كەوتون، زەوی و زاری وێرانكراوە، موڵكی گشتیی بۆ بەرژەوەندیی هەندێك كە س و لایەن بەكارهێنراون، سەرچاوەی وزەو داهات و كانزاو پیشەسازیی و كشتوكاڵیی و فەرهەنگ و سیاسەتی هەرێمە بەڵام بەكەمترین شێوەی خۆی لەم بەخششانە سودمەنكراوە،...تاد.


سپی میدیا: لە سلیمانی فرەکوێخاییەک هەبوو، ئایا ئەگەر ئێوە بیبەنەوە کویخایەکی تر دروستانبێت؟
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر: ئێمە كۆتایی بە فرەكوێخایی و تاككوێخایش دەهێنین، هەموومان ملكەچی یاساو یاسای دادپەروەرانە دەبین، هەموومان دەبینەوە بە هاووڵاتییەكی ئاسایی ماف و ئازادیی پارێزراوی وڵاتەكە بەبێ جیاوازیی، دامەزراوەكانی دەوڵەت دەكەینە بەدیلی دامەزراوە حیزبییەكان و پشت بە چاودێریی دارایی و دادگاكان و داواكاریی گشتیی و هێزی مێدیای ئازادو خەڵكی هۆشیار دەبەستین.


سپی میدیا: ئایا ئەگەر گۆران دەرچێت و بیباتەوە بەریوەبەرایەتییەکان بەقسەی پاریزگاری نوێ دەکەن، وەک بەریوەبەرەکانی ئاسایش و پۆلیس و دەزگاکانی تر کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە لەلایەن یەکێتیەوە دادەنرێن؟
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر: پارێزگار بە یاسا نەك بە ویست و ئارەزوو بڕیارو ڕێنمایی لەسەر بنەمای یاساكان دەردەكات، ئەو دەزگایانە چەندە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش تیایاندا ڕەنگی زاڵبووبێت، بەڵام دواجار هەموویان هێزو ئیرادەی هەموو خەڵكی كوردستانن، ئەوان ڕێژەنەگۆڕە بنەڕەتییەكەن، كە لە هەر پۆستێك گەورەترو كاراترن، قەبارەی حیزبەكان دەگۆڕێن، وەزیرو سەرۆكی حكومەت و هەرێم و پەرلەمان دەگۆڕێن، ئەوەی جێگیرەو دەمێنێت و هەموومان و سەروەریی یاساكانمان دەپارێزێت ئەو هێزانەن، ئەو هێزانە خەم خواست و ئیرادەو ئامانجی نیشتمانیان هەیە، تەنها ئەوەندەیان پێویستە نیشتمانیانە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، بۆیە بەڵێ‌ بەدڵنیاییەوە هەموو ئەو هێزانە لە خەمی نیشتماندا بۆ هەموومان، ڕاپەڕێنەرێكی دڵسۆزو بەوەفاو بەورەی یاساكان دەبن.


سپی میدیا: هەڤاڵ ئەبو بەکر نە یاساییە ،نە ئەندازیارە ئەگەر بوو بە پاریزگار ئەو بۆشاییە چۆن پڕدەکاتەوە؟
هەڤاڵ ئەبوبەكر: سەرەتا بڕوا لە بڕوانامە گرنگترە، خاوەنبڕوانامەكانمان زۆر بوون بەڵام لە 17ی شوبات و ڕۆژانی دواییدا، تەنها چوار پێنجێكمان لەگەڵ ئەو دۆسییانەدا ماینەوە، هەڤاڵ دكتۆرای لە خەم و ئازارەكانی نیشتماندا هەیە، زانستەكەی بەكاردەهێنێت بۆ خزمەت، نەك زانست بۆ چەواشەو بەهەدەردانی سامانی گشتیی بەكاربێنین، ئەمە جگە لەوەی لە كایەی یاساییدا ماوەی پێنج ساڵە بە ڕەسمیی لەلایەن دادگاكانی سلێمانییەوە پلەی شارەزای دادوەریم هەیەو ناسنامەكەم ژمارە (1)، دبلۆمم لە ئەندازیارییدا هەیە و خوێندكاری دەركراوی زانكۆی تەكنۆلۆژیی بووم، ئەمانەیش لەگەڵ ئەوەی هەن، بەڵام هەر بۆ من وەك پارێزگار زیادەن، چونكە چیتر ئێمە لە بری دامەزراوە پەیوەندیدارەكان و خەڵكە شارەزاو پسپۆڕەكان خۆ بەخۆ بڕیار نادەین، بەڵام هەموو لا دڵنیادەكەمەوە كە چیتر هیچ شتێكمان بەسەردا تێناپەڕێت، كە لە بنەوە لە بەرژەوەندیی دوو سێ‌ كەس بێت و لە سەریشەوە بەرگی بەرژەوەندیی گشتیی لەبەركەن، ئەمەش بەبەشداریی هەموو دڵسۆزانی وڵاتەكە دەبێت كە دەبنە گەڵاڵەكەری بڕیارەكان، بڕیاردان لە تاكڕەویی دەردەهێنین..


سپی میدیا: بۆچونت لەسەر سەرۆکی لیستی یەکێتی بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان چییە؟.
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر: هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازم، ئەم وڵاتە پێویستی بە هەموومانە، وڵاتەكەیشمان شایستەی ئەوەیە هەموومان خزمەتی بكەین، من ڕێز لە هەر كەسێك دەگرم كە خەمی پارێزگاو وڵاتەكەمان هێنابێتییە پێشەوە، نەك شتێكی تر، دەخوازم بە هەموومان گیانی هاووڵاتیبوون بەهێزبكەینەوە، یاسا سەروەربكەین، نەك ڕەنگ و حیزب و كەس و بنەماڵە، هیوام وایە خەمخۆرانی هەموو لیستەكان ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێكبهێنن..



PM:05:32:26/04/2014