دەست بەسەر بڕێکی زۆر دەرمانی قەڵەویی و لاوازکردنی کێشدا دەگیرێت

لیژنەی هاوبەشەکانی قائیمقامیەت بە هاوکاری ئاسایشی گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی، لە کۆگایەکی فرۆشیاری پەیجەکانی ئۆنلاین دەست بەسەر بڕێکی زۆر دەرمانی نایاساییدا دەگرێت و لیژنەکەش داوا لە هاوڵاتیان دەکات لەڕێی ئۆنلاینەوە دەرمان نەکڕن. 

 لیژنەی باڵا و لیژنەی هاوبەشەیی تەندروستی سەربە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەهاوکاری ئاسایشی گەڕەکی چوارچرا، لە کۆگایەکی فرۆشیاری پەیجەکانی ئۆنلاینی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بوک، دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر دەرمانی قەڵەویی و لاواز کردنی کێشدا گرتوە.

بڕی ئەو دەرمانانە جۆراوجۆرانەی لیژنەی هاوبەشەی تەندروستی دەستی بەسەردا گرتوە زیاترە لە ٥١٧ پارچە قتو، کە بەشێوەی نایاسایی هاوردەی شاری سلێمانی کراوە و فرۆشیاران بە دەرمانی دابەزاندن و زیادکردنی کێش بەهاوڵاتیانی دەفرۆشن.

لیژنە هاوبەشەکانی قائی مقامیەتی سلێمانی داوا لە هاوڵاتان دەکات، لەڕێی پەیجی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەرمان نەکڕن لەبەر ئەوەی سەرچاوەی هاوردەکردن و شوێنی فرۆشتنیان دیارنیە.

 

لیژنەی تەندروستی، یەکێکە لە لیژنەهاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی، رۆژانە سەردانی دەرمانخانە و نەخۆشخانە و ئەو شوێنانە دەکات هاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی چارەسەر روی تێدەکەن، لەکاتی هەبونی سەرپێچی و پابەند نەبون بە مەرجەکانی کارکردن شوێنەکە دادەخات و خاوەنەکەشی روبەروی رێکاری یاسایی دەکاتەوە.

 


PM:08:47:31/01/2020