شاسوار عەبدولواحید هەڕەشەی خۆپیشاندان دەکات

 

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ روونکردنەوەیەکی دەربارەی کێشەی کەمی غاز بڵاوکردەوە و دەڵێت" گەر ڕێگریان لێنەکرێت لە سبەینێوە کۆمپانیایەک دەهێنن و غاز بە حەوت هەزار دینار دابەشدەکەن". ڕاشیگەیاند" گەر تا هەفتەی داهاتووش ئەم مەهزەلە و دزیی و قەیران درووستکردنە بۆ خەڵک ڕانەگرن، ناچار دەبین بانگەواز بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان و دەڕبڕینی ناڕەزایی بکەین".

 

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند" تەحەدای سەرۆکی حکومەت و بەرپرسانی ئیداریی هەرێم دەکەم، ئەگەر ڕاست دەکەن و بابەتی غاز پارەخواردنێکی تر نییە بۆ کۆمپانیاکانیان، ئەوە ئێمە سبەی پێنج شەممە کۆمپانیایەکیان بۆ دەهێنین و هەر لە سبەینێوە غاز بۆ هەولێر و تەواوی شارەکانی هەرێم بە ٧،٠٠٠ دینار دابین دەکەن، بە مەرجێک ڕێگریێان لێنەکەن، چونکە گازمان هەیە و خاکەکەمان دەوڵەمەندە، کێشەکە لەوەدانیە، بەڵکو مەسەلەکە دزیی و بەرژەوەندیی تەسکە".

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەشکردووە" ئەگەر ئەم مەهزەلە و دزیی و قەیران درووستکردنانە بۆ خەڵک ڕانەگرن، ئەوە ناچار دەبین بانگەواز بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان و دەڕبڕینی ناڕەزایی بکەین".

 

ڕوونیشیکردەوە: خەڵک چیتر تەحەمولی ئەم بێباکییەتان ناکات، چیتر هاونیشتیمانییان ناتوانن بەم شێوەیە لەم وڵاتەدا بژین بەم هەموو داهاتەوە، بەڵام هێندەی داهاتەکەی قەیرانمان هەیە.

 

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی ھەفتیەیەکە، کێشەی کەمی و گرانی غازی ماڵان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی ھەرێم دروستبووە و تا ئێستا چارەسەرنەکراوە، هاوڵاتییانیش باس لەوە دەکەن، "لە هەولێر بتڵێك غاز لە سەر شەقامەكان بە ١٥ هەزار دینارە و لە هەندێك شوێن بە نرخی گرانتریش دەفرۆشرێت".

 





PM:08:49:05/02/2020