وادەی كۆتایی هاتنی ئەم شەپۆلی سەرماوسوڵە ڕاگەیەندرا

سادق عەتیە، كەشناسی عێراقی دەڵێت" شەپۆلی سەرماوسوڵە تا بەرەبەیانی سبەینێ‌ چوار شەممە بەردەوام دەبێت و پلەی گەرما دادەبزێت و لە زۆربەی شارەكاندا پلەی سفر یان ژێر سفری سەدی تۆمار دەكرێت".

 

سادق عەتیە، كەشناسی عێراقی لە هەژماری خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووك) لە نوسینێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە" ئەم شەپۆلی سەرماوسوڵە تا بەرەبەیانی سبەینێ‌ چوار شەممە بەردەوام دەبێت و پلەی گەرما دادەبزێت و لە زۆربەی شارەكاندا پلەی سفر یان ژێر سفری سەدی تۆمار دەكرێت، لە ڕۆژی پێنج شەممەی داهاتووەوە پلەی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکات و كۆتایی بەم تەوژمە سەرماسۆڵەیە دێت لە شارەكانی ناوەڕاست و باشوور".

 

ڕاشیگەیاند" لە شارەكانی باكوور، لە ڕۆژی هەینیدا پلەی ژێر سفری سەدی كۆتایی دێت".

 

هاوکات هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکیدا ئاشکرایکرد" ئەم شەپۆلە سەرماوسۆڵەی رووی لەناوچەكانی هەرێم كردووە، كاریگەریەكەی تا رۆژی هەینی لەسەر ناوچەكان دەمێنێتەوە و دواتر كەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە".

 

وتیشی" ساردترین ناوچه‌ی‌ هه‌رێم له‌مڕۆدا ناوچه‌ی‌ حاجی‌ ئۆمه‌ران بووه‌ كه‌ ١٨ پله‌ ژێر سفر بووه‌ و دوای‌ ئه‌ویش كانی‌ ماسی‌ دێت كه‌ ١٧ پله‌ ژێر سفر بووه‌و دواتر قەزای پێنجوێن دێت کە ١٤ پلە ژێر سفری سەدی بووە".

 

 

 

 



PM:09:19:11/02/2020