هێشتا چین واز له مار خواردن ناهێنێت
له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی ڕابردوودا، پۆلیسی چین داباریوه به‌سه‌ر ماڵان و كۆگا و چێشتخانه‌و شوێنی فرۆشتنی گیانداران و باڵنده كێوییه‌كان و زیاتر له 700 كه‌سیان ده‌ستگیركردووه كه واز له مار خواردن و فرۆشتنی خواردنی گیانله‌به‌ری كێوی ناهێنن كه به‌شێویه‌كی كاتی ڕاگیراوه.
گیانله‌به‌ران له‌پیناو مرۆڤه‌كاندا ده‌ژین و پێویسته بخورێن” ئه‌مه وته‌ی پیاوێكه له شاری وۆهان –ی كه‌رتی هێبی کە به‌ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز-ی وتووه. ئه‌م پیاوه پێیوایه ئه‌و له دوای نه‌خواردنی، ماوه‌ی دوو مانگه ده‌روونی تێكچووه و پێویستی به خواردنی ماره.
ڕۆژنامه‌ی هێل-یش له ڕاپۆرتێكدا ئه‌وه‌ی خستۆته‌ڕوو كه 40 هه‌زار جۆری جیاواز له باڵنده و ئاژه‌ڵ و زینده‌وه‌ری ئاوی به‌ر ئه‌و هه‌ڵمه‌تی قه‌ده‌غه‌كردنه كه‌ووتون و ڕاوكردن و فرۆشتن و خواردنیان قه‌ده‌غه‌یه، به به‌راز و سمۆره و كۆمه‌ڵێك ئاژه‌ڵی تریشه‌وه، كه مه‌به‌ست لێی كه‌مكردنه‌وه‌ی قوربانی زیاتره به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه.
گله‌یی فرۆشیاران له‌وه‌دایه كه ده‌سه‌ڵاتدارانی چین به‌شێویه‌کی یاسایی ڕێگه‌ی داوه به هه‌ندێك بازرگان به بیانووی ئه‌وه‌ی مه‌رجی ته‌ندروستیان تێدایه، سه‌گ و كه‌ر و ئاسك و تیمساح و هه‌ندێك گۆشتی ئاژه‌ڵی تر بفرۆشن، به‌پێی هه‌واڵێكی ڕۆیته‌رز ئه‌مه وه‌ك هه‌وڵێك وایه بۆ سه‌رله‌نوێ بوژاندنه‌وه‌ی بازاڕی هاووڵاتیان و كردنه‌وه‌ی دوكانه‌كان.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ش له‌كاتێكدا كه هێشتا ڤایرۆسی كۆرۆناcovid-19 له چین بنبڕ نه‌كراوه و تا ئه‌مڕۆ 19ی فێبریوه‌ری ژماره‌ی تووشبوان به ڤایرۆسه‌كه له جیهان گه‌یشتۆته 74 هه‌زار و 280 كه‌س و ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی گیانیان له‌ده‌ستداوه به‌رزبۆته‌وه بۆ 2 هه‌زار و 9 كه‌س.
جۆن جیان بازرگانێكی ئاژه‌ڵه كیوییه‌كانه له ناوچه‌ی مه‌نگۆلیا له چین ده‌ڵێت:”دڵشادم كه ئه‌و قه‌ده‌غه‌كردنه هه‌ڵگیرێت و ده‌ست به فرۆشتنی ئاژه‌ڵه‌كان بكه‌ینه‌وه”، ئه‌و بۆ نیویۆرك تایمز وتویه‌تی:”خه‌ڵك حه‌ز به كڕینی ئاژه‌ڵ و زینده‌وه‌ره‌كان ده‌كات و وه‌ك دیاری ده‌یبه‌ن بۆ یه‌كتری”.
ئه‌و بازرگانه ده‌ڵێت:”گۆشتێكی زۆری عه‌مباركراوی سه‌گ و تیمساح-م له به‌فرگری گه‌وره‌دا هه‌یه كه ئه‌مه‌ش ئه‌بێت هه‌مووی به زیان بفرۆشم، چونكه خه‌ڵك زیاتر حه‌ز به گۆشتی فرێشی ئه‌و ئاژه‌ڵانه ده‌كات نه‌ك به‌ستوو”.
زانایانی ڤایرۆلۆژی ئاشكرایان كردووه كه ڤایرۆسی كۆرۆنا، كه شه‌مشه‌مه‌كوێره هه‌ڵگریه‌تی گوازراوه‌ته‌وه بۆ مرۆڤ له‌ڕێگه‌ی خواردنی گۆشتی ئاژه‌ڵی به‌نگۆلین-ه‌وه كه ئاژه‌ڵێكه له پزیشكی میللی چین-ی‌دا به‌گرنگ داده‌نرێت.
چینییه‌كان پێیانوایه ئه‌سته‌نگه حه‌زی ئینسان بۆ خواردن بگۆڕدرێت، چونكه ئه‌وه په‌یوه‌ندی به كه‌ڵچه‌ری خواردنه‌وه هه‌یه.
وانگ سونگ، توێژه‌ری زۆولۆژی (ئاژه‌ڵزانی) له ئه‌كادیمیای زانستی چین ده‌ڵێت:”له تێڕوانینی زۆر كه‌سه‌وه، ئاژه‌ڵ له پێناو مرۆڤدا ئه‌ژی زه‌وی به‌شنه‌كراوه له‌نیوان ئاژه‌ڵ و مرۆڤدا”.
ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌كۆتایی دیسێمبه‌ری 2019 له نێو بازاڕی فرۆشتنی ئاژه‌ڵ و باڵنده كیوییه‌كانی شاری وۆهان له كه‌رتی هێبی بڵاوبۆوه.
AM:11:25:19/02/2020