بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ ڕایگەیاند" ئەو هاوڵاتیانەی لە ئێران هاتوونەتەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە لەژێر چاودێریدا دەبن، هەروەها ئەو هەواڵانە رەت دەکەینەوە کەمتەرخەمی کرابێت". 

ئیسماعیل عەلی ئاغا، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ لە ڕوونکردنەوەیەدا ئاماژەی بەوەکردووە" رەتی دەکەینەوە کەمتەرخەمی کرابێت وەک هەموولایەک ئاگادارن بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوڵاتی ئێران دەستبەجێ ڕێنمایی و ڕێکاری تایبەت بە ڕێگری کردن لەداخڵ بوونی ئەو ڤایرۆسە لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و عێراق بەگشتی گیرایەبەر لەژێر ڕۆشنایی ئەو بڕیار و ڕاسپاردانەی لەلایەن هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهەماهەنگی وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی عێراقی فیدراڵ، دەرکراون". 

باسی لەوەشکردووە" دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخیش وەک دەروازەکانی تر دەستبەجێ کەوتە جێ بەجێ کردنی ئەو ڕاسپاردانە لە پێناوسەلامەتی تەندروستی هاوڵاتیانی خۆمان لەو چوارچێوەیەشدا وەک جێ بەجێ کردنی یەکێک لەو خاڵانەی کە بڕیاری لەسەردراوە ئەوهاوڵاتی یانەی کە هەڵگری پاسپۆرتی عێراقین و لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە پێویستە بەووردی لەژێر چاودێری و پشکنینەکانی تیمە تەندروستی یەکان بن بۆماوەی چواردە ڕۆژ هەر بۆیە وەک بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ لە هاوکاری کردنیان لەڕووی دابین کردنی شوێنی شیاو بۆ پاراستنیان لەسەرما کەمتەرخەمیمان نەکردووە و لەئێستادا باشترین شوێنمان بۆ دابین کردوون و لەچاوەڕوانی وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ترداین کە شوێنیان لە سلێمانی بۆ دابین کەن و ئێمە پاسیشمان بۆ ئامادەکردوون تا بیانگوازینەوە بۆ شوێنی تایبەت". 

ئاماژەی بەوەشکردووە" داواکارین لەڕاگەیاندکاران و ڕاگەیاندنەکان ئەم حاڵەتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسە پێویستی بە گەیاندنی پەیام و ڕێنمایی یە تەندروستی یەکان هەیە بەڕای گشتی و نەک خۆیان و خەڵکیش بەهەواڵ و زانیاری لاوەکی و ناڕاست سەرقاڵ بکەن. وێنەکانیش هۆڵی میوانخانەی بەڕێوەبەرایەتیمان و خزمەت کردنیان لەلایەن کارمەندانی هۆبەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتیمانی نەک مننەت". 



AM:12:14:22/02/2020