شارەزایەکی یاسایی تێبینی لەسەر رێوشوێنی کەیسی منداڵە ٧ ساڵەکە هەیە




حاکم شێخ لەتیف مستەفا لەسەر روونکردنەوەکەی ئەنجومەنی دادوەری و دەستگیرکردنەوەی تۆمەتباران دەپرسێت" ئەگەر بڕیاری ئازاد کردنی تۆمەتباران نایاساییە بۆ دادگا ئازادی کردن ؟ئەگەر بڕیارێکی یاساییشە بۆچی بەبڕیاری حکومەت یان لەسەر داوای حکومەت دەسگیر کرانەوە ؟ ئایا ئەمە ڕێک پێچەوانەی ناوەرۆکی خودی ڕونکردنەوەکەی ئەنجومەنی دادوەری نییە".


لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، حاکم شێخ لەتیف مستەفا دوو سەرنجی لەسەر کەیسی منداڵە حەوت ساڵەکەی کە دەستدرێژیکراوەتە سەر دەڵێت " ئەنجومەنی دادوەری، دوێنێ ڕونکردنەوەی داوە دەڵێت تاوانباران بەشێوەی یاسایی و بەکەفالەت لەلایەن دادگای تاوانەکان ئازاد کراون بێ ئەوەی حیزبایەتی یان لایەنگیری ھەبێت لە کەیسەکەدا لایەنی ناڕازیش مافی تانەلێدانی ھەیە".

 
هەروەها دەڵێت " ھەموو کەسێکی یاسایی دەزانێ کە پێویستە تانە پێشکەش بە دادگای سەروتر بکرێ و دەبێ دادگا بڕیار بدات بەھەڵوەشاندنەوەێ بڕیارەکە ئەگەر نایاسایی بوبێت ، وە دوبارە فەرمانی گرتن بۆ تاوانباران دەربکاتەوە ئەم کەین و بەینەش ئەگەر زۆر پەلەشی لێبکرێ لانی کەم ھەفتەیەکی دەوێت ، خۆ ئەوە بۆ کەیسی ئاسایی مانگ زیاتری پێ دەچێ ، کەچی ھەر ئەمڕۆ وتەبێژی حکومەت دەڵێ کە تۆمەتباران دەسگیر کراونەتەوە ،جا نازانین بەبڕیاری کێ دەسگیر کراونەتەوە ؟! ئایا بە بڕیاری ئەو دادگایەیە کە ئازادی کردون یان بەبڕیاری حوکمەت خۆی؟".

 
ئەو دادوەرە شارەزاییە دەشڵێت "باشە ئەگەر بڕیاری ئازاد کردنی تۆمەتباران نایاساییە بۆ دادگا ئازادی کردن ؟ئەگەر بڕیارێکی یاساییشە بۆچی بەبڕیاری حکومەت یان لەسەر داوای حکومەت دەسگیر کرانەوە ؟ئایا ئەمە ڕێک پێچەوانەی ناوەرۆکی خودی ڕونکردنەوەکەی « ئەنجومەنی دادوەری » ناسەلمێنێ کە دەڵێ ئێمە لەژێر کاریگەری بڕیار دەرناکەین ؟".


درێژە بە نووسینەکەی دەدات "دیارە مەرج نیە ئەوەی جائیزە لەڕوی قانونیەوە ئازاد بکرێ ، بکرێ ، چونکە دەسەڵاتەکە لەدەستی دادگاو دادوەردایە بەتایبەتی ئەگەر سزای تاوانەکە لەسەرو سێ ساڵەوە بێت ، ئەویش بەگوێرەی جۆر و مەرترسی کەیسەکەو نەترسان لە ڕاکردنیان یان لە دەستێوەردانیان لە بەڵگەکان و دادبینی ، ئەم کەیسەش کەیسێکی مەترسیدارو جێگای بایخی رای گشتیە ھەر لەبەر ئەوەشە لە قۆناغی لێکۆلینەوە بەڕێز دادوەری لێکۆلینەوە ئازادی نەکردون".
 


لە کۆتایی تێبینیەکەیدا لەتیف مستەفا دەڵێت "ئەنجومەنی دادوەری جارێ مەرەکەبی ڕنکردنەوەکەێ وشک نەبۆتەوە چۆن قبوڵی دەکات ؟!ئەگەریش ئەو بڕیارە بە فشار دەرکراوە بۆ لەدادوەرەکەی قبوڵ دەکات و سزای نادات ؟ بەتایبەتی کە تاوانێکی قێزەونەو جێگای بایەخی ڕای گشتیە ؟".

 


AM:09:53:22/02/2020