دوو رۆژە لە دەروازەی باشماخ و دەروازەکانی تری نێوان هەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران رێوشوێنی تەندروستی و ئیداری گیراوەتەبەر، بەلآم هێشتا کەلێن ماوە کە خەڵکی ئێران دێنە هەرێمی کوردستانەوە بەبێ ئەوەی پشکنینێکی وردیان بۆ بکرێت.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتووە ئەو شۆفێرە ئێرانیانەی کە بەنزین و گاز رۆژانە دەهێنن بۆ هەرێمی کوردستان، تەنها پشکنینێکی سەرەتاییان لە دەروازەکە بۆ دەکرێت و ئیتر بارەکەیان دەهێننە ناو شارەکانی هەرێمەوە، واتە وەک ئەو هاوڵاتیانە نین کە دوو هەفتە کەناگیریان دەخەن و لە شوێنێکی تایبەت دایان دەنێنن نەک تووشی ڤایرۆسەکە بووبن، یان هەڵگری بن".
سەبارەت بە ژمارەی ئەو شۆفێرانە، بەپێی زانیاریەکانی " سپی " رۆژانە ژمارەی ئەو شۆفێرانە دەگۆڕدرێت، هەندێک رۆژ سەرو پەنجا شۆفێر دێنە هەرێمەوە رۆژی تر هەیە زۆر زیاتر دێنە هەرێمەوە کە تەنها پشکنینێکی تەندروستیان لە باشماخ بۆ دەکرێت و راستەوخۆ دێنە شارەکانی هەرێمەوە بۆ بەتاڵکردنی تانکەرەکانیان کە نەوت و گازۆیلیان تێدایە.
هەرچی هاوڵاتیانی هەرێمە کە لە ئێرانەوە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، سەرەتا لە دەروازەکە پشکنینیان بۆ دەکرێت و دواتر دەگوازرێنەوە بۆ سلێمانی بۆ ماوەی ١٤ رۆژ دەهێڵرێنەوە،
دەربارەی ئەو ئۆتۆمبیلانەی باریان پێویستیەکانی بازاڕیان پێیە، لەمەرزەکە بارەکە دادەگرن و دەخرێنە نێو ئۆتمبیلی هەرێمەوە دەگوازرێنەوە، لەم حاڵەتەدا شۆفێرەکانی ئێران نایەنە ناو شارەکانی هەرێمەوە. هەرچەندە تا ئێستا زامنی ئەوەش نەکراوە کە ئەو کەلوپەل و خۆراکانەی دەهێنرێن چەند پاکژن لە رووی ڤایرۆسی کۆرۆاناوە.