وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌باره‌ی كچه‌ ٧ ساڵانه‌كه‌وه‌ ٤ بڕیاری ده‌ركرد

ئەو كچە تەمەن ٧ ساڵانەی بەهۆی دەستدرێژی چەند پاسەوانێكی بەرپرسێكەوە لە شاری هەولێرلە خوێندن دابڕابوو وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا بیگێڕێَتەوە بۆ خوێندن. 

 

ئالان حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بڵاویكرده‌وه‌" لەسەر فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کەیسی قوتابی لاڤان لوقمان ، کە لە ۳ ی ٤ ی ۲۰۱۹ رووبەرووی تاوانێکی قێزەوەن هاتبووە وە، بەمەبەستی گەڕاندنەوەی بۆ قوتابخانە لیژنەیەکی وەزارەتی پەروەردە بە سەرۆکایەتی وەزیری پەروەردە پێکهات".

 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، كه‌ لیژنه‌كه‌ ئه‌م بڕیارانه‌ی داوه‌:

۱ـ بەگەڕاندنەوەی لاڤان لوقمان بۆ هەر قوتابخانەیەک کە باوکی دەستنیشانی بکات لە هەولێر.

۲ـ نمرەکانی وەرزی یەکەمی ساڵی خوێندنی رابردووی ، قۆناغی دووەم ، بۆ وەرزی دووەمیش حساب بکرێت لە بۆردی نمرەکان و ساڵی خوێندنی ۲۰۱٨ ـ ۲۰۱۹ ، بە دەرچوو ئەژمار بکرێت .

۳ ـ بەزوترین کات بگەڕێتەوە بۆ قوتابخانە و نمرەی وەرزی دووەمی ئەمساڵی بۆ وەرزی یەکەمیش ئەژمار بکرێت .

٤ـ بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی هەولێر ڕاسپێردرا کە تەواوی پاڵپشتی زانستی و فێرکاری بۆ قوتابی ناوبراو دابین بکرێت .

ئەوەش دوای ئەوە هات لە چەند رۆژی رابردوودا میدیا و سۆشیال میدیای هەرێمی كوردستان دۆسیەی دەستدرێژی ئەو كچە تەمەن ٧ ساڵەیان وروژاند و حكومەت و ئەنجومەنی دادوەری ناچاربوون رونكردنەوە لەو بارەیەوە بدەن و تۆمەتبارەكان دەستگیر بكەنەوە. 

 

 

 



PM:07:44:23/02/2020