" ٥٣٦ کەسی هەرێم لەناوچەکانی دەرەوەی هەرێمەوە چوونەتە ئێران و گەڕاونەتەوەو پشکنینیان بۆ نەکراوە"



وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم، رێبەر ئەحمەد رایگەیاند " ٥٣٦ کەسی هەرێم لەناوچەکانی دەرەوەی هەرێمەوە چوونەتە ئێران و گەڕاونەتەوەو پشکنینیان بۆ نەکراوە".


لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و، د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نوێترین زانیارییان سەبارەت بە پرسی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان خستە ڕوو رایانگەیاند " تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان هیچ حاڵەتێکی ڤایرۆسەکە تۆمارنەکراوە".

 

 
 لەو کۆنگرە رۆژنامەگەرەیەدا رێبەر ئەحمەد وتی " ٥٣٦ کەسی هەرێم لەناوچەکانی دەرەوەی هەرێمەوە چوونەتە ئێران و گەڕاونەتەوەو بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ دەحەوێندرێنەوە و کەرەنتینە نەکراون"، ئەو وەزیرە داوای لەو هاوڵاتیانە کرد پەیوەندی بە دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە بکەن تا ئەو رێگایانەیان پیبگیرێتە بەر کە بۆ هەموو هاوڵاتییەک دەگیرێتەبەر کە لە ئێران دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان، جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوان زانیاری تەواویان لەسەر ئەو کەسانە هەیە و ئاگاداری دەزگا پەیوەندیدارەکانیان کردۆتەوە تا بەدوایاندا بچن.




د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو کۆنگرە رۆژنامەگەریدا  ڕایگەیاند"لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی لە گەشتەکانیاندا گەڕاونەتەوە بەمشێوەیە بووە:- وڵاتی ئێران ١٧٣٤ هاووڵاتی گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان کە لە ١٥ شوێنی جیاجیا بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ دەحەوێندرێنەوە و کەرەنتینە دەکرێن تاوەکو تیمە پزیشکییەکان دڵنیا دەبن لە دۆخی تەندروستییان و ١٢ نەخۆشخانەش لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان تایبەت کراون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

 
هەروەها وتیشی: "تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی ڤایرۆرسی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ١٤ کەس پشکنینی تایبەتیان بۆ کراوە تاوەکو بزاندرێت تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنان یاخود نا خۆشبەختانە ئێستا پشکنینی ١١ کەسیان دەرچووە و هەڵگری ڤایرۆسەکە نین و چاوەڕێی پشکنینی سێ کەسەکی دیکەشین".

 


PM:10:30:26/02/2020