لە بارەی کۆرۆناوە لە کوردستان دیاردەیەکی مەترسیدار هەیە

بەپێی ئەو زانیاریانەی ماڵپەڕی " سپی " لە خەڵک و لەچەند سەرچاوەیەکەوە لە دەروازە سنوریەکان و، ناو ئەو شوێنانەوە کە گەشتیارانی گەڕاوەی ئێرانی تێدا دەهێڵنەوە، چەندین دیاردەی مەترسیدار بەدیدەکرێت.

 
بەپێی ئەو زانیاریانە کاتێک کەسێک، یان خێزانێک لە ئێران دەگەڕێنەوە، لە دەروازە سنوریەکان بەتایبەتی لە باشماخ نەخۆش و هەڵگری ڤایرۆس و کەسە ساغەکانیش لەوێ تێکەڵ دەکرێن و هەر بەیەکێشەوە دەگوازرێنەوە بۆ ئەو شوێنانەی کەنارگیر دەکرێن و، لەوێش هەر بەیەکەوە دەبن، جگە لەوەی گەشتیارە کۆنەکان و نوێکانیش تێکەڵ دەکرێن، بەبێ هیچ بەربەستێک، واتە ئەگەر یەکێک هەڵگری ڤایرۆسەکە بێت، یان تووشبووبێت، ئەوا چواردەورەکەشی تووش دەکات، هەروەها کە دەگوازرێنەوە جێگای کەنارگیریەکە لەوێش لەگەڵ کارمەندەکانی ئۆتێلەکە بە ئاسایی و بەبێ بوونی بەربەست مامەڵە دەکەن.

هەر لە دەروازەکە ئەوانەی دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە هێزە ئەمنییەکان و پۆلیسی هەرێم دەبن و زۆر بە ئاسایی بەیەکەوە هەڵسوکەوت دەکەن تا بەڕێدەکرێن، بەبێ هیچ بەربەستێک.

 
خەڵکانێک کە ئەم دیاردانە دەبینن داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەن رێگاو شوێن بۆ ئەم مەترسیانە دابنێت کە لە رۆژانی داهاتوودا هەرێم رووبەرووی دەبێتەوە.

 


PM:06:25:27/02/2020