سەندیكاكانی كرێكاران: عەدالەتی كۆمەڵایەتی لەناهاوسەنگیدایە

لەرۆژی جیهانی كرێكاراندا، مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەم سەردەمی جیهانگەرایدا، تادێ  ئازادی بازاڕ بێ سەروبەرو بێ بەرنامەیی زیاتردەبێ و رێژەی بێكاری‌و هەژاری زیاتر كردووەو عەدالەتی كۆمەڵایەتی لەژێر پرسیارو ناهاوسەنگی دایە.
لەبەیاننامەیەكدا یەكێتی سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان چەند داواكاریەك لەم یادەیاندا دەخەنەڕوو، هاوكات داوای جێبەجێكردنی ئەو بەرنامانەی لیستە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن دەكەن كە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا خستیانەڕوو.

بەیاننامەی مەكتەبی تەنفیزی/یەكێتی سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان
لەبۆنەی (1ی ئایار رۆژی جیهانی كرێكاران)
كرێكاران، ماندوونەناسانی كاروانی ئاوەدانی
ئەم ساڵیادە (128)مینی گوزەریەتی، بەسەر ناوزەد بوونی دا، ئەمەش لە ئەنجامی ستەم و ستەمكاری و،  ماف خورانی هەندێ لە خاوەن كارگە و كارە بێ ویژدانەكانەوە بووە لە (شیكاگۆ) خۆپیشاندانی كرێكارەكانیش بەیەكگرتووی و... یەكدەنگیان بۆ داكۆكی كردن بوو لەیەكتری و مافەكانیان، كەلە ئەنجامی پێكهەڵپژانیاندا لەگەڵ خاوەن كارەكانیان، بەداخی زۆرەوە خوێن رشتن و گیان لەدەستدانی چەند لەكرێكارانی لێ كەوتەوە.
تامەزرۆیی زیاتری سامان و ماڵدارێتی لای برژواو تادێ خاوەن كار و سامان داران، ململانێی ژیانی گرانتر و تادێ سەختتر كردووە. لەم سەردەمی جیهانگەرایدا، تادێ  ئازادی بازاڕ بێ سەروبەر و بێ بەرنامەیی زیاتردەبێ و،  رێژەی بێكاری و هەژاری زیاتر كردووە. ئەمەش مانایەكی جوان بەژیان نابەخشێت و هەمیشە عەدالەت، عەدالەتی كۆمەڵایەتی لەژێر پرسیار و ، ناهاوسەنگی دایە، ئەم گۆڕینەش بۆ گەیشتن بە ئامانجی پیرۆزی كرێكاران خۆیان یەكدەنگی و،... یەكریزی و یەك هەڵوێستیانە. بەمەبەستی وەدەستهێنانی مافەكانیان و پارێزگاری لێ كردنیان، بێ جیاوازی بیروڕا و نەتەوە و.... ئایین و ئاینزاو رەنگیانەوە.
لەهەندێ وڵاتدا، بەهەندێ وڵاتانی پێشكەوتووشەوە پێشەوایەتی و پارێزەری مافەكانی كرێكاران، سەندیكاكانی كرێكارانن، واتا ئەم  هێزەی سەندیكا لە هەر كویێك بێت، سەرچاوەی لەكۆوەبووی زۆرترین ژمارەی كرێكاران و پیشەگەران خۆیانن، واتا بەمتمانەی هەردوولا، كەسەندیكا پێیەوە دەتوانێت، هەمیشە  هۆكاری فشاربێت بۆ پارێزگاریی و وەدەست هێنانی مافەكانیان، هیوادارین ئەم نموونەیەش لە نێوانی كرێكاران و سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان بە متمانەی زیاترەوە بێت.
ئایاری ئەم ساڵ هاوكاتی خراپی گوزەرانی كرێكاران و خەڵكی هەژار و كەم دەرامەتی عیراق و هەرێمی كوردستانە، بە نائارامی بەردەوامی باری ئاسایش لەناوەڕاست و باشووری عێراق و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان،  بۆ هەرێمی كوردستانیش بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی ناوەندی (بەغدا) وەكو كارتی فشار و كارێكی سیاسی و پەسەند نەكردنی بودجە  لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە. كەبۆتە هۆی زیاد بوونی بێكاری و وەستانی پرۆژە جیاجیاكانی خزمەتگوزاری و ... ئاوەدانی، هەروەها كاردانەوەی خراپی بەگرانی بازار و كەم بوونی داهاتی خەڵكی كەزیاتر كرێكاران و خەڵكی هەژار و كەم دەرامەت لێ یەوە زیان مەندی داناوە و ژیانیان سەختتر كردووە.
ئومێد دەكەین هەر چی زووترە بە رێگای گفتوگۆ و شێوەی ئاشتیانە و پشتبەستن وجێ بەجێ كردنی دەستووری عێراقی فیدرال كە زیاتر لە (85%)ی خەڵكی عێراق بە هەرێمی كورستانیشەوە دەنگیان بۆ داوە، كێشەكان چارەسەر بكرێن كەبەرژەوەندی هەمووانە، بەتایبەتیش بۆ كرێكاران و خەڵكی هەژار و كەم دەرامەت. چونكە ئەم سیاسەتەی حكومەتی ناوەندی تەعبیر لە لێبووردەیی و خزمەت بە پێكەوە ژیانی پێكهاتە جیاجیاكان و هاوڵاتیان بەگشتی ناكات.
هەروەها دەخوازین بە چارەسەری هەرچی زووتری ئەو گیروگرفتانەی كە تاكو ئیستا هاتونەتە بەردەم پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و، راگەیاندنی حكوومەتی خوازراوی بنكە فراوان كە بەرژەوەندی گشتی و سەركەوتنی هەمووانە. لەگەلیشیدا جێبەجێكردنی بەرنامەی لیستەكانیان كە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا خستیانەڕوو وبەڵێنیان بە خەڵكی كوردستان دا.
لەم ساڵیادەدا، چەند داواكاری كە رەنگە هەندێكیان دووبارە بن دەخەینە بەردەستی لایەنە پەیوەندیدارەكان لەپەرلەمانی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان  بۆ مەبەستی بەهەند وەرگرتن و جێبەجێكردنیان:
1- جێبەجێكردنی سەرجەم یاسا و رێنمایی و بڕیارەكانی تایبەت بەكار و كرێكاران و دەستەبەری و خانەنشینی كرێكاران وەكو خۆیان تاكو یاسای نوێ لەشوێنیاندا دەردەچن یاخود هەموار دەكرێنەوە.
2- دەركردنی یاسایێك لەپەرلەمانی كوردستانەوە بۆ دەستەبەر كردنی (چمان) ئارەزوومەندانەی هەموو ئەو كرێكارانەی كە (خۆیان خاوەنی كاری خۆیانن).
3- پەلەكردن لەدیراسە و ناردنی رەشنووسی پرۆژەی بە (سیستم) رێكخستنی ماددەی (9)ی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2012 هەموار كراوی پەرلەمانی كوردستان كەلەیاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی كرێكاران ژمارە (39)ی ساڵی 1971 دا. ئامادەكراوە.
4- رەشنووسی یاسای (كار)ی نوێ كەماوەیەكە لەسەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، پەلە بكرێت لەناردنی بۆ پەرلەمانی كوردستان بۆ مەبەستی گفتوگۆ و پەسەند كردنی.
5- كار پێكردن بە منداڵان و، كاری گرانیش بە ئافرەتان و هەرزەكاران رەتدەكەینەوە.
6- جێبەجێكردنی مادەی (4)ی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2012ی هەموار كراو لەپەرلەمانی كوردستان لە یاسای خانەنشینی ودەستەبەری كۆمەڵایەتی كرێكاران ژمارە (39)ی ساڵی 1971 كە تایبەتە بە ئافرەتانی كرێكار.
7- جێبەجێكردنی ماددەكانی (85,84,83,82,81) لە یاسای خانەنشینی ودەستەبەری كۆمەڵایەتی كرێكاران ژمارە (39)ی ساڵی 1971.  كە هەمویان تایبەتن بە خزمەتی كرێكاران بە راستەوخۆیی لەبوارە جیاجیاكاندا.
8-جێبەجێكردنی هەردوو لقی دەستەبەری تەندروستی و خزمەتگوزاری لەیاسای ژمارە (39)ی ساڵی 1971ی خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەلایەتی كرێكاران.
9- جێبەجێكردن و گرنگی دان بە رێنمایی ژمارە (22)ی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی (ێحە والسلامە المهنیە) كە زۆر گرنگە و كردنەوەی خولی  راهینان و سیمیناریش لەم بارەیەوە بۆ كرێكاران بە تایبەتیش لە شوێن كارەكانیاندا بەپێی یاسا ئەركی وەزارەتی كار وكاروباری كۆمەڵایەتی یە. داواكارین كرێكارانی پەككەوتە و گیان لەدەستداو لەوشێنی كاردا، ماددەی (1) لە یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2012ی هەموار كراو لەپەرلەمانی كوردستان لە یاسای خانەنشینی ودەستەبەری كۆمەڵایەتی كرێكاران ژمارە (39)ی ساڵی 1971 بیانگرێتەوە.
10- جێبە جێكردنی ماددەی (112)ی یاسای كاری ژمارە (71)ی ساڵی 1987 بەرێگای دادگا بەسەر ئەو كرێكارانەی لەكاركردندا تووشی پێكان بوونە یاخۆد گیانیان لەدەست داوە.
11-    گرنگی دان بە لیژنەكانی پشكنینی كار، كەبەپێی یاسا دروست كراوون.
12-كردنەوەی یانەی رۆشنبیری وهونەری و وەرزشی كرێكاران لە پارێزگاكاندا.
13- خەرجی هاوكاری هاندان (حوافز) كە نوێنەرانی كرێكارانیش لە لیژنەكانی پشكنینی كار بگرێتەوە گەر وەكو (مكافئە)ش بێت.
14-  كرێكارانی گرێ بەست (عقد) لەكەرتی گشتی دا، ئەوانەی كەوا (خانەنشینیان) نی یە، ئەوا وەكو كرێكاران و فەرمانبەرانی دیكەی دامەزراو لە حكومەت بكرێنە (هەمیشەیی) و بەپێی هەمان یاسای (خدمەی مدنی) ئەرك و ماف و (امتیازات) و (خانەنشین)یش بیان گرێتەوە.
15- رێكخستنی هێنانی كرێكارانی بیانی بەجۆرێك بەپێی پێویستی بازاڕی كار بێت لەپێناو زامنكردنی مافەكانی كرێكارانی ناوخۆیی و بیانی و جێبەجێكردنی رێنمایی تایبەت بە كرێكارانی بیانی كەلەوەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەرچووە.
جارێكی دیكە (یەكێتی سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان) دەستی یەكریزی و یەكگرتوویی كرێكاران دەگوشێ و پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی یەكە یەكەی كرێكارانی كوردستان و عیراق و جیهان دەكات، كە هەمیشە لەهەوڵ و ئومێدی هێنانەدی ئاوات و ئامانجەكانیان دایە.
-    بەهێزتربێ بازووی بەهێزی كرێكاران.
-    درود بۆ شەهیدانی بزاڤی كرێكاری.
-    بەرز و درەوشاوەبێت (1ی ئایار) رۆژی جیهانی كرێكاران.

مەكتەبی تەنفیزی
یەكێتی سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان
30-4-2013
هەولێر



AM:10:43:01/05/2014