لەبارەی راگرتنی نوێژی هەینی حکومەتی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ی ئازاری ٢٠٢٠ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا کۆبوونەوە چەند بڕیارێکیان دەرکرد. 

 

دەقی راگەیەنراوەکە: 

ئەمڕۆ چوار شەممە 2020/3/4 مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای لە هەرێمی كوردستان كرد. 

لە كۆبوونەوەكەدا ، گفتوگۆ دەربارەی دوایین ڕێكار و ئامادەكارییەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان و بەدواداچوونی جێبەجێكردنی بڕیار و ڕێنماییە تەندروستییەكان كرا. 

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختی كردەوە لە سەر ئەوەی، حكومەتی هەرێم هەموو هەوڵێكی خۆی دەدات و لە چوارچێوەی ئەركی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی، هەرچی پێویست بوو دەیكات بۆ پاراستنی ژیان و سەلامەتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان . لەمڕووەوە لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا: 

یەكەم: لە ڕوانگەی ئەوەی پەیام و ئامانجی سەرەكی هەموو ئاینەكان، پاراستنی ڕۆح و جەستەی مرۆڤە، هەروەها بەهۆی تۆماركردنی چەند كەیسێكی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری سلێمانی، بۆیە دوای ڕاگرتنی خوێندن لە ناوەندەكانی خوێندن و ڕاگرتنی چالاكیی شوێن و سەنتەرەكانی گردبوونەوەی هاووڵاتیان، لەپێناوی خۆپارێزیی، بڕیاردرا سەرجەم ڕێوڕەسمە ئاینییەكان لە (مزگەوت ، كڵێسا و پەرستگاكان ) بە گوتاری هەینی مزگەوتەكانیشەوە، لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان هەتا كاتێكی نادیار ڕابگیرێت. 

دووەم: جەختكردنەوە لە سەر بەردەوامیی دابینكردنی هەموو پێداویستییەكانی نەخۆشخانە و كەرەنتین و بنكەكانی دەروازە سنوورییەكان لە هەرێمی كوردستان. 

سێیەم: ڕێوشوێنی پێویست و زیاتر بۆ سنوورداركردنی هاتووچۆ لە بنكە و بازگە و دەروازە سنوورییەكان بگیرێتەبەر بەبێ ئەوەی كار لە وەستانی جموجۆڵی بازرگانی بكات. 

چوارەم: بۆ كەمكردنەوەی بارگرانی ئەو زیانانەی كە بە هۆی ڕێكارەكانی خۆپارێزی بەر خاوەنی شوێنە بازرگانییەكان دەكەوێت، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی وەزیرە پەیوەندیدارەكان بە جێبەجێكردنی ڕێكاری یاسایی پێویست لە رێگەی چاوخشاندنەوە بە كرێ و باجی داهاتی ئەو شوێنانە و بە ئاڕاستەی كەمكردنەوەیان بە جۆرێك ڕەچاوی زیانە داراییەكانیان بكرێت. بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتە پەیوەندارەكان ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە دەردەكەن. 

پێنجەم: پێویستە لایەنە پەیوەندارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ڕێكارە تەندروستییەكان لە كەمپەكانی ئاوارە و پەنابەران بگرنەبەر . بۆ ئەم مەبەستەش هەماهەنگی لە گەڵ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكان بكرێت. 



PM:08:12:04/03/2020