پشدەر.. بڕیاری وتاربێژان بۆ ئەنجامدانی نوێژی هەینی رەتكرایەوە

دوای ئەوەی دوێنێ لیژنەی فەتوای پشدەر ( قەڵادزە ) بڕیاری دا کە ئەمڕۆ هەینی لەسەرجەم ناوچەکەدا بە جەماعی بکەن، بەڵام ئەمڕۆ لقی پشدەری یەكێتی زانایانی كوردستان چوار خاڵی لەسەر ئەنجامدانی نوێژی هەینی بڵاوكردەوە و رایگەیاند" بڕیاردراوە بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی نوێژخوێنان نویژی هەینی ئەنجام نەدرێت".

 

دەقی راگەیەندراوەكە:

 

دوای ئەوەی بەكۆی دەنگی وتاربێژانی دەڤەری پشدەر بڕیار درا نوێژی هەینی بكرێت، دوای ئەوە چەند گۆڕانكاریەك ڕویاندا لەوانە:

یەكەم/ بە فتوای وەقفی سوننی لەسەرجەم شارو شارۆچكەكانی عێڕاق نوێژی هەینی ڕاگیرا.

دووەم/ لەبەر مەترسی ئەم ڤایرۆسە حەڕەمی مەككەو مەدینە تا ڕاددەیەك چۆڵ كرا.

سێهەم/ سەرۆكی یەكیەتی زانایان بە تایبەت هاتە سەرخەت و تەكلیفی كرد لە قەڵادزێ جومعە نەكرێ و قەڵادزێش لە ئیجماع دەرنەچێ.

چوارەم/ چەند ئەندامێكی لیژنەی باڵای فتوای هەرێم فتوایان دا كە خەڵكی قەڵادزێ عوزریان هەیەو دەتوانن جومعە نەكەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە دوێنێ پێنج شەممە ٥ی ئاداری ٢٠٢٠ ماڵپەڕی "سپی" ڕاگەیەندراوێکی لیژنەی فەتوای پشدەر (قەڵادزێ)ی بڵاوکردەوە، لەبارەی ئەوەی کە نوێژی بە کۆمەڵ ئەنجام دەدەن، بەڵام دیارە دامو دەزگا فەرمییەکانی حکومەت پەیوەندیان پێوە کردوون، ئەوانیش پەشیمان بوونەتەوە لە ئەنجام دانی نوێژی هەینی.

 


AM:11:56:06/03/2020