هەسەدە وەڵامی بەشار ئەسەد دەدەنەوە

هەسەدە وەڵامی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا دەداتەوە دەڵێت" سوریا پێویستی بە چارەسەرێکی سیاسیە"، ئەوە لە کاتێکدایە کە دوێنێ بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا نکوڵی لەبوونی کوردو کێشەی کورد کردو وتی" ئەمان لە تورکیاوە هاتوون".

 
  مسته‌فا بالی، وته‌بێژی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا لەگەڵ مایڵز كاگینز، وتەبێژی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، رایگەیاند "دۆخی سوریا لە ناو ئاڵۆزییەكی قوڵدایە، سوریا پێویستی بە چارەسەرێكی سیاسی هەیە، ئێمە شەڕی داعش-مان ئەنجامدا، بەڵام دۆخی سوریا لەئێستادا خراپە، چەندین لایەنی سیاسی هەیە، بۆیە دۆخەكەش بە چارەسەری سیاسی هێوردەبێتەوە".


وتەبێژی هەسەدە وتیشی،"ئێمە هێزی سەربازین و لە دژی داعش شەڕ دەكەین، هەر كەسێك دەستگیردەكەین رادەستی لایەنی پەیوەندیداری دەكەین، رادەستكردنی چەكدارانی داعش پەیوەندی بە چەند بابەتێكەوە هەیە، بابەتی یاسایی و سیاسی، ئەركی ئێمە سەربازییە".

 
مایڵز كاگینز، وتەبێژی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا وتی" چەكدارانی داعش لە سەرجەم ناوچەكانی رۆژئاڤای كوردستان هەیە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەیەوێت لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات بەردەوام بێت لە روبەروبونەوەی چەكدارانی داعش لەو ناوچانە".


لەبەشێكی دیكەی وتەكانیدا وتی،"ئێمە هەماهەنگییەكانمان بەردەوامە بۆ پاراستنی ناوچەكانی ژێر دەستی سوریای دیموكرات لەوانەش كێڵگە نەوتیەكان، هەندێك لایەن دەیانەوێت سوریای دیموكرات لە كارو چالاكییەكانیان بوەستێنن، بەڵام ئێمە رێگە بەوە نادەین"


سەبارەت بە داخستنی رێگاكان لەبەردەم روسەكان بەتایبەت ناوچەكانی عامودا و دەرباسیە چی بەسەریاندا دێت، مایڵز كاگینز وتی،"هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە حەسەكە و دێرزور هاوبەشە لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات، ئێمە لە ناوچەكان بەردەوام دەبین لە پاراستنی رێگاكان، لەگەڵ روسەكانیش لە هەماهەنگیداین، ئێمە لەگەڵ هیچ هێزێك لە ناوچەكە نامانەوێت بكەوینە شەڕەوە، بەتایبەت لەگەڵ روسیا، ئێمە ئاشتیمان دەوێت و لەوە زیاترمان ناوێت."


  

 


PM:07:16:06/03/2020