سەرۆكی پەرلەمان: لە هیچ سەردەمێكدا مێژوو لە تۆماركردنی ڕۆڵی ژندا دادپەروەر نەبووە

سەرۆكی پەڕلەمانی كوردستان لە ڕۆژی هەشتی مارسدا پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایدەگەیەنێت" كە مێژوو دادپەروەر نەبووە لە تۆماركردنی ڕۆڵی ژناندا".

ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەڕلەمانی كوردستان به‌بۆنه‌ی رۆژی هەشتی مارس، رۆژی جیهانیی ژنانەوە، په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و وێڕای پیرۆزباییكردن لە ژنان ڕایگەیاند" ئومێد دەکەم ئەم یادە سیمبولییە مایەی دەسپێکێکی پڕ لە گوڕوتین بێت لەھەنگاونانی ژنانی کورد بەرەو ئامانجەکانیان".

وتیشی" مایەی خۆشحاڵییە کە یادی هەشتی مارس ھاوکاتە لەگەڵ یادەکانی ڕاپەڕینی ئازادی، ھەر ئەوێ ڕۆژێ بوو کەژنانی کورد شانبەشانی پێشمەرگە و لەنێو جەماوەری ڕاپەڕیوی کوردستاندا، ڕۆڵی بەرچاویان لەھەڵکوتانە سەر دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعس بینی".

سەرۆكی پەڕلەمانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو: كە بە درێژایی مێژووی شۆڕشەکانی کوردستان ژن هێندەی پیاو لەکۆڕی خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی و مەدەنیدا بەشداربووە، هەرچەندە مێژوو لەهیچ سەردەمێکدا لەتۆمارکردنی ڕۆڵی ژندا دادپەروەر نەبووە. 

ڕێواز فایەق هیواشی خواست كە ژنان و ئازادیخوازان هەموو ڕۆژێک وەک هەشتی مارس، مکوڕو پێداگربن لە بەدیھێنانی خەونی ژنان لەبوارەکانی یەکسانی لەبەردەم یاسا، عەدالەتی کۆمەڵایەتی، نەھێشتنی توندوتیژیی خێزانی، فەراھەمکردنی ھەلی کاری ھاوبەش و دەرفەتی یەکسان لە سەرجەم سێکتەر و بوارە جیاوازەکانی ژیانداو ئێمەش لەسنووری دەستڕۆییەکانماندا لە پەرلەمانی کوردستان پشتیوانیی وەدیهاتنی مافە ڕەواکانیان دەبین. 

AM:11:04:08/03/2020