سلێمانی.. رێگا لە سەردانیکردنی گۆڕستانەکان دەگیرێت


سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایدەگەیەنێت" کە رێکارەکانی خۆپاریزی توندتر دەکەنەوە و بۆ سبەینێ رۆژی هەینیش رێگا بە هاوڵاتیان نادرێت سەردانی گۆڕستانەکان بکەن و قەرەباڵغی دروست بکەن".

لەشکر حەمید سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلیمانی راگەیاند" قائیمقامیەتی سلێمانی داوا لە هاوڵاتیان دەکات سەردانی گۆڕستانەکان نەکەن و لە ئەگەری پێشێلکردنی ئەم بڕیارەش لە رێگای هێزە ئەمنییەکانەوە رێگری دەکرێت لە هاوڵاتیان لەبەر سەلامەتی و بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیان".

وتیشی" بە هیچ جۆرێک هێزە ئەمنییەکان ریگا نادەن کۆبونەوە و قەرەباڵغی دروست ببێت و لە ئیستادا بە تەواوەتی دانانی پرسە لە مزگەوتەکاندا راگیراوە و لەرێی هیزە ئەمنییەکانیشەوە رێگای دانانی پرسە لە ماڵەکاندا دەگرین".

ڕاشیگەیاند" بەشێوەیەکی گشتی سەرجەم ئەو شوێنانەی تایبەتن بە دروستکردنی خواردنی خیرا رێگا نادرێت لە دوکانەکانیاندا خواردن پێشکەش بکەن و تەنها دەتوانن بە دیلڤەری کارەکانیان بکەن و هەمو شوینە قەرەبالغەکانیش رادەگیرێن و ئەمشەویش قەرەباڵغی شەقامی سەهۆڵەکە نامێنێت و رێگری لێدەکرێت".


PM:07:31:12/03/2020