پۆلیسى سلێمانى هاوڵاتییه‌كى دیكه‌ى ئێرانى ده‌ستگیركرد

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ده‌ستگیركردنى هاوڵاتییه‌كى دیكه‌ى ئێرانى راگه‌یاند كه‌ خۆى به‌ تیمه‌ ته‌ندروستییه‌كان نه‌ناساندووه‌.

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات" مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ڕاپەڕینی سەربە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی كە بەمەبەستی‌ جێبەجێكردنی‌ بڕیاری‌ ڕاگرتنی‌ هاتوچۆ لەسنووری ڕاپەڕین بڵاوەیانپێكراوە، هاووڵاتییەكی ئێرانی-یان دەستگیركردو ڕادەستی تیمە تەندروستییەكانیان كرد كە ئەو كەسە لەقەزای چەمچەماڵەوە ویستویەتی بێتە ناوشاری سلێمانییەوە".

ئاشكراشیكرد: هاووڵاتییەكە ناوی (ه، م)ە و ڕەگەزنامەی ئێرانییە و تەمەنی ٤٩ ساڵەو بەنایاسایی لەهەرێمی كوردستان ماوەتەوە و لە قەزای چەمچەماڵەوە ویستویەتی بێتە ناو شاری سلێمانی، لەیەكێك لە بازگەكانی پۆلیس لە ڕاپەڕین دەستگیركرا .

هاوكات، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی داوا لەهاوڵاتیان دەكات، ئەگەر زانیارییان لەسەر هەركەسێك هەیە كە لە ئێران ‌و وڵاتانی‌ دیكەوە گەڕاوەتەوە و خۆی بەتیمە تەندروستییەكان نەناساندووە، پەیوەندی بەهێڵە گەرمەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە بكات (١٠٤ بەشی پۆلیسی فریاكەوتن، ١٠٥ بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان).



PM:12:30:18/03/2020