سلێمانی .. لێپرسینەوەی یاسایی لە رێکخەرانی چالاکیەکەی گۆیژە سیتی

قائیمقامیەتی سلێمانی بڕیار دەکرد کە لێپێچینەوەی یاسایی لە رێکخەرانی چالاکییەکەی گۆیژە سیتی سلێمانی بکرێت.

 
لە راگەیاندنێکدا بەناوی ("راگەیەندراوێک لە قائیمقامیەتی سلێمانیەوە ژمارە"٨")ی قائیمقامیەتی سلێمانی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە" بەھۆی پابەند نەبوون بە بڕیارەکانی "ژووری بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی" و دروستکردنی قەرەباڵغی و کۆبونەوەی ھاڵاتیان بە پێچەوانەی رێنماییە تەندروستیەکان".
هەروەها هاتووە " لەسەر سکاڵای داواکاری گشتی سلێمانی لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ رێکخەرانی چالاکییەکەی دوێنێی نێو یەکەی نیشتەجێبوونی "گۆیژە سیتی" لە سلێمانی کراوەو لە بەرامبەر پابەند نەبونیان بە رێنمایی و بڕیارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە رووبەڕووی رێکاری یاسایی کراونەتەوە و کەسێکیش بەو ھۆکارە دەستگیر کراوە".

 
لە کۆتاییدا هاتووە "قائیمقامیەتی سلێمانی بۆ رای گشتی رادەگەیەنێت: لەپێناو پاراستنی تەندروستی گشتی و دوورخستنەوەی ئەو مەترسیەی رووی کردووەتە ھەرێمی کوردستان، ناچار دەبین لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ ھەر کەس و لایەنێک بکەین کە ھۆکار بێت بۆ کۆبوەنەوەی ھاوڵاتیان و پابەند نەبوون بە بڕیارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی ، راشیدەگەیەنین لەم رووە رێکاری پێویست بەرامبەر ھەر کەسێک دەگیرێتەبەر کە پابەند نەبێت بەو بڕیار و رێنماییانەی کە راگەیەندراوە، قائیمقامیەتی سلێمانی داواش لە ھاوڵاتیان دەکات پابەندی بڕیاری قەدەغەکردنی ھاتووچۆ بن و بۆ سەلامەتی خۆیان لە ماڵەکانیان بمێننەوە و رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن".

 

دوێنێ لە شاری گۆیژە لە باکوری سلێمانی کۆمەڵیک کور و کچی گەنج لەنێو شوقەکاندا بەبێ ماسک بەستن و لە قەرەباڵغیدا وەرزشیان دەکرد، ئەمەش بووە مایەی ناڕەزایی لەسەر ئەو گرووپە کەپابەند نابن بە بڕیارەکانی وەزارەتی تەندروستیەوە.

 




PM:06:48:18/03/2020