ئەندازیارە هەڵاتوەکەی کۆرومۆر دەستگیرکرا

لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چەمچەماڵ رایگەیاند" ئەو ئەندازیارەیان دەستگیر کردووە کە بەبێ گوێدانە رێنماییە تەندروستیەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە کەمپەکە هەڵاتووە".

لە راگەیەندراوی لیژنەکەدا هاتوە" دوای ئەوەی فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی قەتەر ئێروەیس لە فڕۆکەخانەی سلێمانی نیشتەوە و دەرکەوت کەسێک هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە و لەناو ئەو فڕۆکەیەدایە ، بۆیە بڕیاری کەرەنتین کردنی سەرجەم سەرنشینەکانی فڕۆکەکەدرا".

ئاماژە بەوەش کراوە" سێ کەس لە سەرنشینانی  فڕۆکەکە کارمەندی بیانی کۆمانیای دانەغابوون ، بۆیە بەبڕیاری لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چەمچەماڵ بڕیاری کەرەنتینکردن و جیاکردنەوەیان لەناو کەمپی کۆرومۆر درا و بڕیاریش درا سەرجەم کارمەندانی کەمپەکەکە ژمارەیان ۲۸۰ کارمەندە  بۆماوەی ۱٥ ڕۆژ لە ناو کەمپ بمێننەوە و نەهێڵرێت هیچ کارمەندێک بگەڕێتەوە ناو خێزانەکەی".

راگەیەندراوەکە دەشڵێت" بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەندازیارێک بەناوی (ئ س ع) بێ گوێدانە ڕێنماییە تەندروستیەکان و بڕیارەکانی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە کەمپەکە هەڵهات و خۆش بەختانە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی پارێزگای سلێمانیەوە دەستگیرکرا و لەئێستادا کەرەنتین کراو و دواتریش ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر".
 


PM:05:10:20/03/2020