تەندروستی سلێمانی رێككاری نوێ بۆ رێگرتن لە بڵاوبونەوەی كۆرۆنا دەگرێتەبەر

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت" رێكکاری نوێ بۆ رێگرتن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگرینەبەر، نمونەی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەكارمەندی (دوكان، ماركێت، نانەواخانە و سەمونخانەكان)ی پارێزگای سلێمانی وەردەگرین".

 

دكتۆرسەباح هەوارامی، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لە ڕێی پەیامێكەوە كە لە پەڕەی تایبەت بە خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردۆتەوە رایگەیاند" بۆ دڵنیایی زیاتر و رێگرتن لەبڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا نمونەی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەكارمەندی دوكان و ماركێت و نانەواخانە و سەمونخانەكانی پارێزگای سلێمانی  وەردەگیرێت".

 

ئەم راگەیەندراوەی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لە دوای ئەوەیە كە لە ئێستادا بازاڕەكان بە گشتی بەهۆی نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆناوە داخراون، بەڵام ماركێت و نانەواخانە و دوكانی كۆڵانەكان كراوەن بۆ دابنیكردنی پێداویستی رۆژانەی هاووڵاتیان.

 
ئەمە لەکاتێکدایە، بەپێی دواین ئامار، لەهەرێمی کوردستاندا (٤٧) کەس تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 بوون، لەنێویاندا (١) مردن هەیە و (١٣) نەخۆش بەتەواوی چاکبوەتەوە و ئەوانیتر هەمویان لەژێر چاودێری پزیشکیدان.
 



PM:01:46:21/03/2020