راگەیه‌ندراوی سەرۆكایەتیی هەرێم سەبارەت بە گیرانی هەڵسوڕاوانی گۆڕان

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە ده‌ستگیركردنی هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، لە هەموو دۆخێكدا پێویستە مافی هاوڵاتی بوونی خەڵكی پارێزراو بێت و بەر لە دەرچوونی بڕیاری دادگا لەبارەی هەر گومانلێكراوێك نابێ وەك تاوانبار مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: "وەها حاڵەتێک لە چوارچێوەی سەڵاحیاتی كۆمیسیۆنە بڕیار بدات كێ و چ لایەنێك پێشێلكاری كردووە و دەزگا ئەمنییەكانیش پێویستە پابەندی بڕیار و رێوشوێنەكانی كۆمسیۆن بن".

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

راگەیه‌ندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە گیرانی هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان
 شەوی 2 لە سەر 3ـی ئایاری 2014 ژمارەیەك هەڵسوڕاو و چاودێری بزووتنەوەی گۆڕان لە نزیك بنكەیەكی جیاكردنەوەی دەنگەكان لە شاری سلێمانی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركران و پاشان لە تەلەفزیۆنەكانی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان وێنە و دانپێدانەكانیان بڵاو كرایەوە.

دەبوایە كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن لەبوونی حاڵەتێكی وەها ئاگادار بكرێتەوە و كۆمیسیۆن بڕیار بدات كە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو حاڵەتەدا بكرێت، چونكە ئەوە لە چوارچێوەی سەلاحیاتی كۆمیسیۆنە كە بڕیار بدات كێ و چ لایەنێك پێشێلكاری كردووە و دەزگە ئەمنییەكانیش پێویستە پابەندی بڕیار و ڕێوشوێنەكانی كۆمیسیۆن بن.

داوا لە كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەكەین بە پێی یاسا و ڕێوشوێنەكانی خۆیان ڕێگە نەدەن هیچ جۆرە پێشێلكارییەك بەرانبەر دەنگی هاوڵاتیان و چاودێرانی لایەنە سیاسییەكان ئەنجام بدرێت.

لێرەدا بە گشت لایەك رادەگەیێنین كە دەبێ رەچاوی ئازادیی كاركردنی هەموو ئەو چاودێرانە بكرێت كە بە ئاگاداریی كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن لە لایەن حزبەكانیانەوە بۆ ئەركی چاودێریكردن لە كاتی هەڵبژاردن و جیاكردنەوە و راگەیاندنی دەنگەكان راسپێردراون.

جگە لەوەیش لەهەموو دۆخێكدا پێویستە مافی هاوڵاتیبوونی خەڵكیش پارێزراو بێت و بەر لە دەرچوونی بڕیاری دادگا لەبارەی هەر گومانلێكراوێك نابێ وەك تاوانبار مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

داوا لە گشت لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و ڕاگەیاندنەكانیان دەكەین بە پەرۆشی و هەست بە بەرپرسیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەن و كار بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن بكەن و رێگە لە هەر هەوڵێك بگیرێت كە دەبێتە هۆی شێواندنی پێگە و ناوبانگی هەرێمی كوردستان.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان 4ـی 5ـی 2014



PM:03:14:04/05/2014