ژووری ئۆپراسیۆنەکانی هەولێر راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە

ژووری ئۆپراسیۆنەکانی هەولێر داوا لە هاوڵاتیان دەکات پەباندی بڕیارەکانی قەدەغەکردنی هاوتوچۆبن، پێشبینیش دەکات ئەم رۆژە زەحمەتانە تێدەپەڕن.

 
ژووری بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەولێر شەوی رابردوو بەسەرپەرشتی فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر کۆبوونەوەیەکی سازکردو جەختی لەسەر ئەم خاڵانە کردەوە:


1- ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، سوپاسی زۆری هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکات کە دوێنێ 2020.3.24 لەیەکەم رۆژی قەدەغەکردنی هاتووچۆی سەرتاسەری بۆ ئۆتۆمبێل و پیادە، تا رادەیەکی زۆر باش پابەند بوون.


2- هەروەها سوپاسی هەموو هێزە ئەمنییەکان و ناوخۆ و پێشمەرگە دەکەین کە بە شەونخونی و ئێشکگریی بەردەوامیان بەشەو و رۆژ هەموو توانای خۆیان خستووەتەگەڕ لەپێناوی ئەوەی هاووڵاتییان و هاوشاریانی خۆمان لە شارەکەمان پارێزراوبن.


3- سوپاسی سەرجەم قەیمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و فەرمانگەی تەندروستی و تەواوی تیمەکانی تەندروستی و هەموو ئەوانەش دەکەین کە ماندوونەناسانە و دڵسۆزانە بەکارەکانی خۆیان هەڵساون لەپێناوی پاراستن و خزمەتکردنی هاووڵاتییان لە خۆپارێزی ڤایرۆسی کۆرۆنا.


4- بە پێویستیشی دەزانین سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانی و لقی هەولێری مانگی سوری عێراقی و تەواوی خێرخوازانی شارەکەمان بکەین، کە لەو ماوەیەدا بە هۆی ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتۆتە پێش و بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆری هەژار بێ کار و کەسابەت بمێننەوە، بە ئەرکی مرۆیی و نیشتمانیی و ئاینیی خۆیان هەڵساون و کۆمەک و هاوکاریی و خواردنیان گەیاندۆتە ژمارەیەکی بەرچاووی خەڵکی کەم دەرامەت و هەژار و هێشتاش بەردەوامن.


هاووڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی پارێزگای هەولێر دڵنییا دەکەینەوە، بەهەموو شێوەیەک لە هەوڵەکانمان بۆ خۆپارێزی و پاراستنی ئاسایشی تەندروستییان بەردەوامین و  پارێزەری هاوشاریانی خۆمانین، لەگەڵ ئەوەشدا داواکارین هاووڵاتییانمان پابەندبن بە بڕیار و رێنماییە تەندروستییەکان و ئەو چەند رۆژە بەرگە بگرن و خۆیان بپارێزن لە کۆبوونەوە و قەرەباڵغی و لەماڵەکانیان بمێننەوە.

 


AM:09:56:25/03/2020