کۆرۆنا ژیانی ئاژەڵانیشی ئاستەنگ کردووە...لەسلێمانی گروپێک ژیان بە ئاژەڵانی بێلانە دەبەخشنەوە

کۆرۆنا ژیانی ئاژەڵانیشی ئاستەنگ کردووە و گروپێکی خۆبەخشیش لەسلێمانی ڕۆژانە لە ڕێگەی چارەسەر و دابینکردنی خۆراک ئاژەڵانی بێلانە لە مردن ڕزگار دەکەن.

ئەو گروپە خۆبەخشیە کە توانا ئەمین نوسەر و وەرگێڕ سەرپەرشتی دەکات بەشێکن لەو کەمپینەی کە پێشتر لەلایەن هەمان نوسەر ژمارەیەک چالاکوانی ژینگەیی بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ئاژەڵانی بێلانە لە شارەکانی باشووری کوردستان ئەنجام درابوو.

میران شیروان، چالاکوان و ئەندامی ئەو گروپە بە "سپی" ڕاگەیاند ئێمە ڕۆژانە خۆراک بۆ ئاژەڵە بێلانەکانی کوردستان دابین دەکەین، چارەسەری تەندروستی پێشکەشی ئاژەڵانی وڵاتەکەمان ئەکەین کە هیچ جیاوازیەکی نیە لە ئاژەڵە بیانیەکان و ئەوروپیەکان".

ئەو ئەندامەی گروپە خۆبەخشیەکە دەڵێت "ئامانجی ئەم کارە خۆبەخشیە کە بەسەرپەرشتی نووسەر و وەرگێر توانا ئەمین ئەنجام ئەدرێت، جیاواز لە هەموو ئامانجە ویژدانی و ئەخلاقیەکان ئامانجمان گرتنەوەی باوەشە بۆ سەگ و پشیلە بێلانە کوردیەکان، کارێک بکەین ئەو ترس و خەوفە بشکێنین لە نێوان ئاژەلان و مرۆڤی کوردیدا و چیتر ئازار و ئەشکەنجە نەدرێن".

ئاژەڵانی بێلانە لە کوردستان کە بەشێکی زۆریان لە ڕابردوودا بێ خۆراک گرفتی ژیانیان بۆ دروستبووە، لە سەردەمی کۆرۆنادا ڕووبەڕووی سەختی زیاتر و بە ئەستەم پەیداکردن خۆراک بوونەتەوە، هەربۆیە چەندین کەسی خۆبەخش لە سەردەمی تاڵی کۆرۆنادا ژیان بۆ ئاژەڵان دەگێڕنەوە.
 


PM:08:59:30/03/2020