یەكێتی نیشتمانی كوردرستان وەك هێزێك كە لە پارێزگای سلێمانی حكومەتو هێزە ئەمنی و سەربازیەكانی بەدەستەوەیە، بەڵێن بەمامۆستا سەلاحەدین بەهادین دەدات كە لەرێگای ئەویشەوە بەگۆڕانیش بوترێت كە ئەوان پابەندن بە پاراستنی باردۆخی ئارامی سلێمانیەوە.
ئێوارەی ئەمرۆ لە نوسینگەكەی تاڵەبانی لەگردی دەباشان ئەمینداری پێشووی یەكگرتووی ئیسلامی سەلاحەدین بەهادین لەگەڵ هیرۆ ئیبراهیمو حاكم قادر حەمەجانو عومەر فەتاح، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبووەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند ئەو كۆبوونەوەیەی ئَێوارەی ئەمرۆ كە پاش ئەو كۆبوونەوەی ناوبراو دێت لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، پۆزەتیڤ بووەو یەكێتی لای خۆیەوە سەلاحەدین بەهادینی دڵنیاكردۆتەوە كە بەرێكخەری بزووتنەوەی گۆڕانیش، نەوشیروان مستەفا بوترێت كە بارگرژی لە پارێزگای سلێمانیدا دروست ناكرێتو یەكێتی پابەند دەبێت بە پاراستنی ئارامی پارێزگاكەوە.
سەرچاوەكەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئامانجی ئەو سەردانەی ئەمینداری پێشووی یەكگرتوو كە بەیانیەكەی نەوشیروان مستەفای بینیوەو ئێوارەكەشی هێرۆ ئیبراهیم مەبەستەكەی تەنها راگرتنی باری ئارامی پارێزگای سلێمانی بووەو یەكێتیش وەك هێزی حاكم پابەندی خۆی بەپاراستنی ئارامیەوە بە سەلاحەدین بەهادین راگەیاندووە.
سەرچاوەكەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە هەردوو لایەنی گۆڕانو یەكێتی ئامادەییان تێدابووە كە بەهەموو شێوەیەك باری ئەمنی سلێمانی بپارێزێن، هاوكات هەستكراوە هەردوولاش دەیانەوێت لەیەكتر نزیك ببنەوە، بەڵام دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان.
سەرچاوەكەی سپی باسی لەوە كرد كە یەكێتی پێشبینی كردووە كە سەلاحەدین بەهادین پرۆژەیەكی ئامادەكراو نوسراوی پێبێت بۆ نزیككردنەوەی ئەوانو گۆڕان، بەڵام وەك سەرچاوەكەی سپی جەختی لەسەر دەكاتەوە كە ئەم هەوڵەی سەلاحەدین بەهادین لەم قۆناغەی ئێستادا تەنها ئامانجەكەی ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكەو روونەدانی شەڕبووە.