ئێران: پژاک بە گۆرینی روخساری داوای بەشە ماڵمان لێدەکات

پاش ئەوەی هەفتەی رابرووی پژاک سیستمی نوێی (کۆدار)ی بۆ بەڕێوەبەری ئێران راگەیاند و داوای دانوستانی لە حکومەتی ئێران کرد، بەرپرسێکی ئێرانی دەڵێ: پژاک بە گۆرینی روخساری داوای بەشە ماڵمان لێدەکات.

جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی‌و سیاسەتی دەرەوە لە پارلمانی ئێران سەبارەت بەو داوایەی پژاک هەڵوێستی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشکرا دەکاو دەڵێ: «کۆماری ئیسلامی هیچکات وتووێژو دانووستان لەگەڵ ئەو گرووپە تێرۆریستییە ناکاو لە مافی خەڵکی ئێران‌و سەربەخۆیی وڵات بەرگری دەکا».

هەروەها ناوبراو لە وەڵامی پێشنیاری پژاک بۆ وتووێژ لەگەڵ حکومەت وتی: «پژاک رێکخراوێکی تاوانبارەو دەبێ لە دادگادا لێپرسینەوە لە تاوانە ئەمنییەتییەکانی بکرێ‌‌و ئەگەر تاوانبار بوون ئەوە سزای خۆیان وەربگرنم ئەگینا وەک هەر هاووڵاتییەکی دیکە دەتوانن لە ناوچەکە دانیشن‌و ژیانی ئاسایی خۆیان بکەن».

هەروەها حەقیقەت پوور وتی: « ئێمە بە توندی بەرەنگاریان دەبینەوەو رێگا نادەین بە گۆرینی روخساریان داوای بەشە ماڵمان لێ‌بکەن».

جێگری کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی لە پارلمانی ئێران سەبارەت بە پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی وتی: جیا کردنەوەی کوردستان لە ئێران خەیاڵێکی خاوەو تەنانەت خەڵکی عێراقیش رێگا بە جیا کردنەوەی کوردستان لە عێراق نادەن، ئەو ناوچە جوغرافییەی کوردەکان لەنێوان سێ وڵاتی تورکیا، عێراق‌و سووریا تێدا نیشتەجێن ئەوجۆرە هەڵسوکەوتە قبووڵ ناکا‌و ئەگەر پێویست بکا دەوڵەتەکانی ناوچەکە بەرەنگاریان دەبنەوە.

رۆژی سێشەممەی رابردوو، دوو کەس لە ئەندامانی کۆنسەی بەرێوەبەریی پژاک لە پرێس کۆنفرانسێک‌دا سەرەتا لەدایکبوونی رێکخراوێکیان بەناوی کۆمەڵگای دێموکراتیکی ئازادی رۆژهەڵات «کۆدار» راگەیاندو ئینجا پلاتفۆرمەکەیان بۆ بەرێوەبەریی دێموکراتیی  رۆژهەڵاتی کوردستان خوێندەوە، لە پلاتفۆرمەکەدا لە چەند شوێن ئاماژە بە وازهێنانی پژاک/کۆدار لە پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی کراوە‌و هەروەها بۆ گەیشتن بە مافە دێموکراتییەکانی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان داوا لە حکوومەتی ئێران دەکا بۆ وتووێژ لەگەڵ «کۆدار» رەزامەندیی خۆی نیشان بدا.



PM:02:26:09/05/2014