رێگریی ئێران لەبەڕێوەچوونی کۆڕیادی حەسەن زیرەک

ئیتلاعاتی ئێران رێگەری لەوە دەكات كە یادی هونەرمەندی گەورەی كورد، حەسەن زیرەك لەشاری بۆكان لە رۆهەڵاتی كوردستان بكرێتەوە.

ئەو رێگرییە لەحاڵێکدا بووە، کە "ئۆرکێسترای فیلار مونیکی بۆکان" لە یەک ساڵ لەمەوبەرەوە ئامادەکاری بۆ ئەو کۆڕیادە کردبوو و ئەرکی بەڕێوەبردنی بەرنامەکەش لەئەستۆی ئۆرکێسترای فیلار مونیکی بۆکان بوو.

بڕیار بوو ئەو کۆڕ یادە بە میواندارییەتی هونەرمەندان "ئێحسان زیرەک" لەهەرێمی کوردستان و "سورەیا کەریم زادە"‌وە بەڕێوە بچێت.

پێشتریش ناوەندە حکوومەتیەیکان لەبۆکان، رێگرییان لەو رێوڕەسمانە کردبوو، کە ژنان تێیدا بەشدار بوون و لەو بارەیەوە هۆشدارییان دابوو.

حەسەن زیرەک لەدوای خۆی و لەتەمەنی هونەریی،١٣٠٠ گۆرانیی بەجێ‌هێشتووە
حەسەن زیرەک لە سەرماوەزی ١٣٠٠ لە گوندی هەرمێلەی نێوان شارەکانی سەقز و بۆکان لەدایک بووەو بەهۆی زیرەکی‌یەوە ناوبانگی زیرەکی لێ‌ندراوە.

ئەو هونەرمەندە کوردە ساڵی ١٣٣٧ دوای ئەوەی کە رادیۆی بەشی کوردی ئێران لەتاران کرایەوە لەگەڵ ژەنیارانێکی وەکوو حوسێن یاحەقی، حەشەن کەسایی، جەلیل شەهناز، جەهانگیر مەلەک و ئەحمەد عێبدی بەرهەمەکانی خۆی پێشکەش بە گوێگرەکان دەکرد.

زیرەک لەساڵەکانی ١٣٤١ هەتا ١٣٤٣ لەگەڵ رادیۆ کرماشانیش هاوکاری کردووە.

مامۆستا حەسەن زیرەک لەماوەی تەمەنی خۆیدا بۆ چەندین جار لەلایەن ساواکەوە خراوەتە ژێر ئەشکەنجە و فشارەوە.

حەسەن زیرەک لەدوای خۆی و لەتەمەنی هونەریی،١٣٠٠ گۆرانیی بەجێ‌هێشتووە و بەیەکێک لە ناسراوترین و خۆشەویسترین گۆرانیبێژانی کورد دێتە ئەژمار.

مامۆستا زیرەک لەپووشپەڕی ساڵی ١٣٥١ بە هۆی نەخۆشی لەشاری بۆکان کۆچی دوایی کرد.



PM:04:37:10/05/2014