عەدنان عوسمان: كەس باسی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم ناكات

‌عەدنان عوسمان
عەدنان عوسمان دەڵێت لە 16/7/2013دا مەسعود بارزانی لەنامەیەكدا داوای لەسەرۆكایەتی نوێی پەرلەمان كردووە بەخێرایی رێوشوێنی تەوافوق لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بدۆزنەوە، بەڵام ئێستا كەس باسی ئەو بابەتە ناكات.
ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی گۆڕان عەدنان عوسمان لەنوسینێكدا كە لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، رەخنە لەو دوو دانیشتنەی خولی نوێی پەرلەمان دەگرێت‌و دەڵێت "لەم هەمو پرۆژە باران كردنەی پەرلەماندا كەس باسی رەشنوسی دەستور ناكات".

دەقی نوسینەكە:
لەم هەمو پرۆژە باران كردنەی پەرلەماندا كەس باسی رەشنوسی دەستورو یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم ناكات!!!
كاتی خۆی‌و لە نامەیەكدا بەڕێز مەسعود بارزانی داوا دەكات سەرۆكایەتی نوێی پەرلەمان بە خێرا رێوشوێنی تەوافوق لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بدۆزنەوە،،، وا لێرەدا ئەو بەشەی نامەكەی بەڕێزیان دەخەمە روو، نامەكە لە 16ی 7ی 2013 نوسراوە، وا خەریكە ساڵەكە تەواو دەبێت كە لە نامەكەدا ئاماژەی پێدراوە:
"هەر لە ئێستاشەوە داوا لە سەرۆكایەتیی خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان دەكەم كە لەژێر ڕۆشنایی ئەو نامەیەم كە لە 12ی 6ی 2013دا ئاراستەی سەرۆكایەتیی خولی ئێستای پەرلەمانم كردبوو، دوای هەڵبژاردنەكانی 21/9/2013 دەستبەجێ لە كۆبوونەوە دەستپێكییەكانی سەرۆكایەتیی پەرلەماندا بە زووترین كات میكانیزمێك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا بگەنە تەوافوق لەسەر هەمواركردنی پڕۆژەی دەستوور و ئالییەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم. ئەو كات هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت و ئەو ئەمانەتەی لە دەست ئێمە دایە بدەینە هەر بەڕێزێكی دیكە كە متمانەی گەلی كوردستان بەدەست دەهێنێت...."



AM:11:31:11/05/2014