ئۆپراسیۆنی هەولێر رێکارەکانی قەدەغەکردنی هاتوچۆی راگەیاند



هێمن قادر وتەبێژی ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند "به پێی بەیانی ژماره ٢٦ی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، قەدەغەی هاتوچۆ درێژ كرایه و پابەند بە ئەم بڕیارە، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر لە کۆبوونەوەی خۆیدا چەند ڕێکارێکی نوێی دەرکرد".


ئەو بەرپرسە لە لێدوانێکی رۆژانامەوانیدا رایگەیاند"لە ڕێكارەكاندا داوا له دانیشتوانی پارێزگای هەولێر دەکەن پابەندی رێنماییەکان وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی بن له خۆپارێزی و مانەوە لە ماڵەوە، چونکە مەترسی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا هێشتا ماوە".



وتەبێژی ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند هێزە ئەمنییەکان ڕاسپێردراون ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بەو کەسانە بگرنە بەر کە پابەندی ڕێنماییەکان نابن.




ژووری ئۆپەراسیۆن جەخت لە بەجێگەیاندنی تەواوی ڕێکارەکان دەکاتەوە و پێداگرن لەسەر تەواوبوونی ئەو ماوانەی قەدەغەی هاتوچۆیان تێدا ڕاگەیەندراوە، داواش لە هاووڵاتییان دەکەن پابەندی مانەوە بن لە ماڵەوە.
 


PM:11:55:12/04/2020