به‌یانی ئه‌مڕۆ هاوڵاتییه‌كی دیكه‌ی كورد له‌ سنە لە سێداره‌ درا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە گەنجێکی دیکە لەبەندیخانەى ناوەندی شاری سنە لەسێدارەدرا.

 

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ سزای سێدارەی هاوڵاتییەکی كوردی تەمەن ٢٦ ساڵی خەڵکی دێولان بە ناوی سینا محەمەدی، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کرا.

یەکێک لە نزیکانی سینا محەمەدی، بە هەنگاوی راگەیاندووه‌" سینا لە کاتێک تووشێ تاوان بووە تەمەنی ١٩ ساڵ بووە و هاوڕیێەکی خۆی کوشتووە". 

بە وتەی ناوبراو، سینا سەرەتا سزای ١٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە سزاکەی گۆڕدراوە بۆ سێدارە.

سینا محەمەدی لە تەمەنی ٢٦ ساڵان لەسیدارە دراوە و ماوەی حه‌وت ساڵ بوو کە لە بەندیخانەی شاری سنە راگیرابوو.

هەروەك، سزای سێدارەی عەدنان میرەکی، کە ئەویش خەڵکی دێولان بوو و بڕیار بوو ئەمڕۆ سزاکەی جێبەجێ بکرێت، دوای لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە هەڵوەشایەوە و ناوبراو لەپەتی سێدارە رزگاری بوو.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چالاکانی مه‌ده‌نی، بە مەبەستی رێگری کردن لە جێبەجێ کردنی سزای سێدارەی سینا، لە بەر دەرگای بەندیخانەی شاری سنە کۆ ببوونەوە. 

یەکێک لەو چالاکانە بە هەنگاوی راگەیاندووه‌" دوای ئەوەی باوک و دایکی کوژراوەکە چوونەتە ناو بەندیخانە، هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ خەڵکەکە تووشی تێکهەڵچوون بوون و بڵاوەیان پێکردوون".

بە پێی ئاماره‌كان، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا لانیکەم چوار هاوڵاتی کورد لە بەندیخانەکانی کرماشان، سنە و سەقز لەسێدارە دراون.



PM:12:17:23/04/2020