لە هەولێر رێکاری نوێی قەدەغەکردنی هاتوچۆ راگەیەندرا

ژووری ئۆپراسیۆنەکانی هەولێر لە راگەیاندێکراوێکدا ژمارەیەک رێکاری نوێی قەدەغەکردنی هاتوچۆی راگەیاند.

 
ڕاگەیەندراوێک لە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێرەوە


بە مەبەستی دیراسەکردنی بارودۆخەکە و داڕشتنی خشتەیەکی نوێ و ئەنجامدانی کارئاسانی بۆهاوڵاتییان، بە ڕەچاوکردنی دۆخی تەندروستی و جێ بەجێکردنی ڕێنماییەکان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 2020.4.23 بە سەرپەرشتی د.فەرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا.


سەرەتا کۆبوونەوە سوپاسی خۆڕاگری و پابەندبوونی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێری کرد کە هاوکار بوونە لە هەڵمەتی خۆپارێزی و پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان و هەروەها سوپاسی تیمەکانی تەندروستی و هێزەکانی (پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ، ئاسایش، زێرەڤانی، پێشمەرگە، پاسەوانی سنوور، بەرگری شارستانی، سەرجەم هێزەکانی سەربە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هاوکار بوون لەگەڵ پارێزگای هەولێر کرد، هەروەها سوپاسی تیمە خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی و تیمەکانی پاکردنەوەی شار و باخچە و پارکەکان و ئاو و ئاوەڕۆکان، تیمەکانی کارەبای کرد، پاشان کۆبوونەوە بە ڕەچاوکردنی دۆخی ژیان و گوزەران و کار و کاسبی و کارئاسانی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر و بۆ پێشوازیکردن لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، ئەم بڕیارانەیدا.
 

1- لەژێر ڕۆشنایی بەیانی ژمارە (28)ی ساڵی (2020)ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، درێژکردنەوەی ڕاگرتنی هاتووچۆ تاوەکو 2020.5.1 بەردەوام دەبێت، لە کاتژمێر(6) ئێوارە تا (12)ی شەو قەدەغەی هاتووچۆ بەتەواوی جێ بەجێ دەکرێت، تەنها ڕێگە دەدرێت بە هاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان و تیمە تەندروستییەکان و ئۆتۆمبێلی ئەمبولانس و ئەوانەی لە ئەرکی فەرمیدان.


2- شوێن و بازاڕ و دوکانەکان کراوە دەبن بەمەرجی جێ بەجێ کردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ئەم شوێنانەش بەداخراوی دەمێننەوە، (یانە و هۆڵەکەکانی ئاهەنگی شەوانە، یانەکانی مەی خواردنەوە (باڕ)، کافتریا، نێرگەلەخانە، چایەخانە، مەلەوانگە، گەرماو (حەمام)، سەنتەرەکانی لەش جوانی، هۆڵەکانی وەرزش، هۆڵەکانی بووک گواستنەوە، هۆڵەکانی بۆنە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان، سەنتەرەکانی مەساج، گازینۆکان، کافتریا و ڕیستۆرانتی باخچەکان).
 

3- کارکردنی تەکسی، هەموو شوفێران دەبێت پابەندی بڕیارەکانی وەزارەتی گواستنە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بن کە بۆیان دیاری کراوە:-
- لە دوو سەرنشین زیاتر ڕێگە نادرێت و دەبێت لە کوشنی پشتەوە دابنیشن.

 
-هیچ شۆفێرێک بۆی نییە سەرنشینێک هەڵبگرێت ئەگەر ماسک و دەمامکی نەبەستبێت.

 
-کارکردنی تەکسییەکان رۆژانە بەشێوەی تاک و جووت دەبێت و بەپێی رۆژەکانی مانگ دیاریکراوە، بۆ نموونە 1ـی مانگ ژمارە تاکەکان و 2ـی مانگ ژمارە جووتەکان.

 
-هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکان بە پابەندبوون بە رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ دەبێت.

 
-شۆفێری تەکسی دەبێت ڕۆژانە ئۆتۆمبێلەکەی بە ماددەی پاککەرەوە پاکبکاتەوە و دەبێت جامی ئۆتۆمبێلی تەکسییەکان چارەکێکی کراوەبێت ئەگەر کەش وهەوا لەبار بێت.

4- نۆڕینگەکانی پزیشکی، لەکاتژمێر (2)ی دوای نیوەڕۆ تا (6)ی ئێوارە کراوە دەبن، بەو مەرج و ڕێنماییانەی بۆیان دیاری کراوە:-

 
-تا دەکرێت سەردانی نەخۆش بۆ (نۆرە) وەرگرتن، لە ڕیگەی ژمارەی تەلەفۆنی نۆڕینگەکان بێت.

-لەژووری دانیشتنی چاوەڕوانی نەخۆش، نابێت ژمارەی نەخۆش لە(4)کەس زیاتر بێت.

-نەخۆش نابێت لە یەک هاوەڵ زیاتری لەگەڵ بێت، دەبێت دەمامک و دەستکێشیان لەبەر بێت.
- ڕۆژانە نابێت لە 15 نەخۆش زیاتر ببینن.

 
-دەبێت پزیشک بۆ بینینی نەخۆش پێداویستییەکانی خۆپارێزی (ماسک، دەمامک، گاون) بەکار بهێنێت.

 
-هەر نۆڕینگەیەک پابەند نەبێت، بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی و سەندیکای پزیشکان دادەخرێت.
 

5- لە مۆڵەکان کافێ و چایەخانەکان داخراو دەبن و چێششتخانەکانیش دەتوانن بە گەیاندنی(سەفەری-دلیڤەر)ی خواردن بفرۆشن، ئەو هاوڵاتییانەی دەچنە نێو مۆڵەکانیش بۆ بازاڕکردن، دەبێت دەست کێش و دەمامکیان پێ بێت.


6- چێشتخانەکان، بە پابەندبوون بەڕێنماییە تەندروستییەکان، تەنها بۆیان هەیە خواردن بە گەیاندنی(سەفەری-دلیڤەر)ی بفرۆشن.


7- پێشانگاکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل جگە لە ڕۆژانی هەینی ڕۆژانی تر کراوە دەبن.


8- لەمانگی ڕەمەزانی پیرۆز، سنی سنیانێ و کڵاو کڵاوێن و هەموو یارییەکانی دیکە و گردبوونەوەیەک بەمەبەستی ئەنجامدانی یاری شەوانی ڕەمەزان بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە.


9- شوێنەکانی فرۆشتنی تورشیات و شەربەت و شوێنەکانی تری هاوشێوەیان، بەهیچ جۆرێک نابێ ڕێگەبدەن لەبەردەم شوێنەکانییان قەرەباڵغی و گردبوونەوە دروست ببێ، هەر شوێنێک قەرەباڵغی لەبەردەمی دروست بێت، شوێنەکەی دادەخرێت.


10- بازاڕی گەورەی هەولێر، لە دوای کاتژمێر (12)ی شەو بۆ (6)ی بەیانی دادەخرێت.


11- دانانی پرسە و ڕێوڕەسمی ماتەمینی، لە(هۆڵ، ماڵ، ژێرخێوەت) لەگەڕەک و شوینە گشتییەکان، بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە و هەرکەسێک پابەندی ئەو بڕیارە نەبێت ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.


12- هەموو ئەو شوێنانەی کە ڕەزامەندی کارکردنییان پێدراوە و کراوەن، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەکان جێ بەجێ بکەن لە بەستنی دەمامک و دەستکێش و دروست نەکردنی قەرەباڵغی، بۆ ئەو مەبەستە تیمەکانی شارەوانی و قایمقامیەت ڕاسپێردراون، هەرکەس و لایەک پابەند نەبێت، ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر و شوێنەکانیان دادەخرێت.


13- دەسەڵات دراوتە قایمقامەکان بە لەبەرچاووگرتنی ئەم بڕیارانە و بارودۆخی ناوچەکەیان، بەپێی سنووری جوگرافی شوینەکانی خۆیان بڕیار لەسەر داخستن و کردنەوەی شوێنەکان و ئاسانکاری بۆ هاوڵاتییان بدەن، بەمەرجێک کۆبوونەوە و بەریەککەوتن دروست نەبێت.


ئەگەرچی لەسنووری ئیدارەی پارێزگاکەمان و هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کۆنترۆڵکردنی ئەو ڤایرۆسە قۆناغی زۆر سەرکەوتوو و پێشکەوتوومان تێپەڕاندووە و ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یەکێک لە نموونە سەرکەوتووەكانی خۆپارێزیی لە جیهان دادەنرێت، بەڵام هێشتا مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتایی نەهاتووە، بۆیە داواکارین لە هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان، لەپێناو ئەوەی هەموو لایەک سەلامەت و تەندروست بن و ئاسایشی تەندروستی شارەکەمان پارێزراو بێت، داواکارین کە پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان و بڕیارەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر و قایمقامیەتەکان بن.


ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر




2020.4.23


382 جار خوێندراوەتەوە


زۆرترین خوێندراو
24 کاتژمێرهەفتەمانگ
01
ئەوقافی سلێمانی کاتی کردنەوەی مزگەوتەکان بۆ KNN ئاشکرا دەکات
23/4/2020
02
بزوتنەوەی گۆڕان پڕۆژەیەک بۆ جێگرەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم پێشکەش دەکات
22/4/2020
03
نرخی دراوەکان لە بازاڕەکانی هەرێمدا
23/4/2020
04
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر دواکەوتنی موچە هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند
23/4/2020
05
وەزارەتی ناوخۆ قەدەغەی هاتوچۆی درێژکردەوە
23/4/2020

 


PM:07:35:23/04/2020