لە ئەفریقا ئەگەری مردنی 300 ھەزار كه‌س له‌ ئارادایه‌

لوقمان غەفوور

 

لە وڵاتانی ئەفریقا بە رێژەی 43٪ ڤایرۆسی كۆرۆنا لەچاو رابردوودا زیادیکردووە. بۆیە لەو بارەیەوە بەرپرسانی تەندروستی ئاگادارکردنەوە دەدەن بە رێکخراوی تەندروستی جیھانی.

ئەسۆشیەتید پرێس بڵاویکردەوە، حکومەتەکانی ئەفریقا رۆژی 23ی نیسان، 26 ھەزار حاڵەتی نوێی کۆرۆنایان تۆمار کردووە، کە بەپێی سەنتەری ئەفریقا بۆ بنبڕکردنی نەخۆشی و خۆپاراستن، 16 ھەزار حاڵەت زیاترە لە ھەفتەی پێشوو.
جۆن نکێنگاسۆنگ، بەڕێوبەری سەنتەری ئەفریقا بۆ بنبڕکردنی نەخۆشی و خۆپاراستن رۆژی 23ی نیسان بە ئەسۆشیەتید پرێسی راگەیاند، کە ئەفریقا زۆر نائارام و پڕ دڵەڕاوکێیە.

وتیشی: "ئەفریقا یەک ملیار و 300 ملیۆن کەسی تێدایە، نەخۆشییەکە بەم رێژەی ئێستا بڕوات و چارەسەر نەکرێت، رۆژانە 10 ھەزار کەس دەمرێت".

هەروەھا رۆژنامەی زە واشنتۆن پۆست نووسيویه‌تی: دواھەمین راپۆرتی رێکخراوی تەندروستی جیھانی وێنەیەکی نائومێدکاری پیشانی جیھانداوە.

به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌كه‌، راپۆرتێکی دزەپێکراوی دەبلیو ئێچ ئۆ لە ئەفریقاوە سەرووی خۆیان ئاگادار دەکاتەوە دەشێت بەھۆی كۆرۆناوە زیاتر لە 300 ھەزار کەس بمرێت و 30 ملیۆن کەس بەھۆی ھەژارییەوە بفەوتێن.

هەروەھا نکێنگاسۆنگ لەوبارەیەوە گوتی: "ئەفریقا ھیشتا ھەلی لەبەردەمدایە کارەسات روونەدات، بۆیە پشکنینی تاقیگەیی کۆرۆنا و چاودێریکردنی زۆر گرنگە.

بەرپرسانی تەندروستی بە نیگەرانییەوە باس لەوە دەکەن لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا بۆ ملیارێک و 300 ملیۆن کەس لە ئەفریقا تەنیا 500 ھەزار پشکنینی تاقیگەیی کراوە بۆ کۆرۆنا. کە بۆ ملیۆنێک کەس 325 کەس دەکات کە زۆر زۆر کەمترە لە وڵاتێکی وەک ئیتاڵیا کە بەھۆی ڤایرۆسەکەوە زیانی قورسی بەرکەوتووە. تا رۆژی 24ی نیسان، 2 ملیۆن و 750 ھەزار و 451 کەس لە جیھاندا تووشی کۆرۆنا بوون و 192 ھەزار و 460 کەس بەھۆیەوە مردوون.



PM:04:55:24/04/2020