ئاسیاسێڵ: ئینته‌رنێتی بێبه‌رانبه‌ر بۆ خوێندكاران دابین ده‌كه‌ین

کۆمپانیای ئاسیاسێڵ رایگەیاند" بە مەبەستی یارمەتیدانی خوێندکاران لە تەواوکردنی پرۆسەی خوێندن بەشێوەی ئەلیکترۆنی، پاکێجێکی ئینتەرنێتی بێبەرامبەر بۆ خوێندکاران دابیندەکەن".

 

کۆمپانیای ئاسیاسێڵ ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" بەمەبەستی هاوکاریکردنی خوێندکاران لە خوێندنی ئەلیکترۆنی، پاکێجێکی خۆراییمامن ئامادەکردووە، مەبەست لەم پاکێجەش تەنها بۆ چوونە ناو پلاتفۆرمی تایبەت بە فێرکردنی ئەلیکترۆنیە".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە" بۆ بەدەستهێنانی ئەم پاکێجەش، پێویستە فێرخواز بەشداری بکات لە رێگەی ناردنی ژمارە یه‌ك بە نامەیەکی بێبەرامبەر بۆ ٣١١٠، ئەم پاکێجە لە رۆژی ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٠ەوە دەستپێدەکات".

 

دەقی بەیاننامەی رۆژنامەوانی ئاسیاسێڵ:  
بەرواری بڵاوکردنەوە: ٢٧ی نیسانی 2020
 
ئاسیاسیڵ دەستپێشخەرییەکی نوێ ڕادەگەیەنێت بۆ پشتگیریکردنی کەرتی خوێندن
 
دابینکردنی ئینتەرنێتی بێبەرامبەر بۆ فێرخوازان لە پێناو هێنانەکایەی فێرکردنی ئەلیکترۆنی
 
عێراق، بەغدا – کۆمپانیای ئاسیاسێڵ دەستپێشخەرییەکی بەپەلەی ڕاگەیاند بۆ پشتگیریکردنی کەرتی پەروەدە لە هەرێمی کوردستان. دەستپێشخەرییەکە دابینکردنی پاکێجی ئینتەرنێتی بێبەرامبەرە بە مەبەستی یارمەتیدانی فێرخوازان بۆ تەواوکردنی پرۆسەی خوێندن لە دوورەوە "لە ماڵەوەوە" لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە. فێرخوازان ئەتوانن لە ڕێی ئەم پرۆسەیەوە ئینتەرنێتی بێبەرامبەری ئاسیاسێڵ بەکاربهێنن بەبێ هیچ کۆتوبەندێك بە مەبەستی تەواوکردنی پرۆسەی خوێندن لەم بارودۆخە نائاساییەی بڵاوبوونەوەی بەڵای کۆرۆنادا.
 
ئەم هەنگاوە بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی پەروەردی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی پلاتفۆرمێکی فێرکردنی ئەلیکترۆنییەوە بۆ هەموو پۆلەکانی خوێندن کە ئەویش پلاتفۆرمی (www.ewane.krd) ــە.
 
فێرخوازان دەتوانن مانگانە 15GB ئینتەرنێت بەدەستبهێنن؛ کە دەکاتە ڕۆژانە 500MB کە مەبەست لە بەکارهێنانی ئەم پاکێجە تەنها بۆ چونەناوەوەی ئەو پلاتفۆرمەیە کە لەسەرەرە باسی لێوەکراوە. بۆ بەدەستهێنانی ئەم پاکێجەش، پێویستە فێرخواز بەشداری بکات لە ڕێگەی ناردنی ژمارە ١ بە نامەیەکی بێبەرامبەر بۆ 3110. ئەم پاکێجە لە ڕۆژی 26 ی نيسانی 2020 ــەوە دەستپێدەکات  .
 
هەر لە مبارەیەوە، بەڕێز ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە لە هەرێمی کوردستان وتی، "ئێمە دەستپێشخەرییەکەی ئاسیاسێڵ بەرزدەنرخێنین بۆ پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی وەزارەتی پەروەردە لە هەرێم لە ڕێی دابینکردنی ئینتەرنێتی بێبەرامبەر بۆ قوتابی وخوێندكارە خۆشەویستەکانمان تا بتوانن بچنە ناو سایتی فێرکاری ئەلیکترۆنی www.ewane.krd
 
بەڕێز عەبدوڵا حەسەن، وتەبێژی فەرمی ئاسیاسێڵ وتی: "ئەوەی ئەمڕۆ دەیکەین بەشێکە لە ناسنامەی ئێمە لە ئاسیاسێڵ بۆ پشتگیریکردنی کۆمەڵگە. لە کاتێکدا ئاسیاسێڵ بە پێشەنگ دەزانین لە ڕووی بەرەوپێشچوونەوە لە بواری تەکنۆلۆجیای دیجیتاڵ لە وڵاتدا، هەوڵێکی زۆر گەورەشمان خستووەتەگەڕ بە مەبەستی دابینکردنی ئینتەرنێتی بێبەرامبەر بۆ فێرخوازە خۆشەویستەکانمان لە پێناو بەردەوامبوونیان لە پرۆسەی خوێندن وفێربوون."
 
جێگەی باسکردنە کە ئاسیاسێڵ ژێرخانی پێویستی پەرەپێداوە بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ خستنەگەڕی نەوەی چوارەم 4G. ئەمە بێجگە لەوەی ئاسیاسێڵ بە دابینکەری سەرەکی چارەسەری دیجیتاڵی تەواوکاریی دادەنرێت لە عێراق بۆ کۆمپانیا ودامەزراوەکان.



PM:02:51:28/04/2020