پارێزگاری سلێمانی: کاتی ئەوەیە قەرەبووی بەشێک لە زیانەکانی ڕۆژانی رابردوو بکەینەوە

پارێزگاری سلێمانی قۆناغێكی دیكەی ئاسایی بوونەوەی دۆخی ژیانی خەڵكی راگەیاند و دەڵێت" كاتی ئەوەیە بە كاركردنی شەوانە و رۆژانە قەرەبووی زیانەكان بكەینەوە".

 

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگای سلێمانی لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "فەیسبووک" بڵاویکردەوە" لەگەڵ داوای رەواو کارو کەسابەت و ژیانی شکۆمەندانەو چارەسەرکردنی خەم و گرفت و کێشەکانتانین، پێکەوە قۆناغە سەخت و مەترسیدارو هەڕەشە گەورەکانی کۆرۆنامان گەیاندە قۆناغێکی باش".

هەروەها دەشڵێت" دەبێت بەردەوام پێکەوەبین، بۆ ئەوەی بەهەمومان دۆخی بژێوی خەڵک و ئابوریی دەوڵەتیش بەهەمان گیان و ئامانج و ئیرادەو سوربوون و بەردەوامبوون، چارەسەربکەین".

باسی لەوەشكردووە" ئیتر کاتی ئەوەیە بەکارکردنی شەوانەو رۆژانەی بەردەوام، لەگەڵ پاراستنی تەندروستیی تاک و گشتیی و پابەندبونمان بە رێنمایی و رێکارە تەندروستییەکانەوە، قەرەبووی بەشێک لە زیان و نەهامەتییەکانی ڕۆژانی ڕابردوو، هەفتەو مانگەکانی پێشوو، بکەینەوە".

لە كۆتایشدا دەڵێت" بەیەکەوە دەستمانپێکرد، بەیەکەوە خۆمانپاراست، بەیەکەوە کارمانکرد، هەر بەیەکیشەوە سەردەكەوین".



AM:11:40:05/05/2020