وەزارەتی خوێندنەوەی باڵا: دۆخی تەندروستی بەم باشیە بێت ٣٠ی ئایار خوێندن دەستپێدەکاتەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا راگەیاندنێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بۆ ئەوە دەکات " ئەگەر بارودۆخی تەندروستی بەم شێوەی ئێستا ڕو لەباش بون بێت، ئەوا پرۆسەی خوێندنی نێوکامپەس لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی تری خوێندنی باڵا لە (٣٠/٥/٢٠٢٠) دەست پێ دەکاتەوە".


ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەندراوەکەیە:-


چەند بڕیارێکی گرنگ لە ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی:


ئەمڕۆ چوارشەمە ڕێکەوتی (٢٠٢٠/٥/٦) ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامداو پرسی خوێندنی ئەلکترۆنی (پاڵپشتیکار) و دەستپێکردنەوەی خوێندنی ئاسایی نێوکامپەس تاوتوێ کرا، بۆ ئەمەش تیشکمان خستە سەر دوا گۆڕانکارییەکانی ڕەوشی تەندروستی و بارۆدۆخی دارایی، لەم سۆنگەیەشەوە ئەنجومەنی وەزارەت جەختی کردەوە کە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران هەرچی زوە هەمو هەوڵەکانی خۆی بخاتە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی پرسی دواکەوتنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران.


دوای تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی پرسی خوێندنی ئەلکترۆنی (پاڵپشتیکار) و دەستپێکردنەوەی خوێندنی ئاسایی نێوکامپەس، ئەنجومەنی وەزارەت ئەم بڕیارانەی خوارەوەی دەرکرد:


1. ئەگەر بارودۆخی تەندروستی بەم شێوەی ئێستا ڕو لەباش بون بێت، ئەوا پرۆسەی خوێندنی نێوکامپەس لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی تری خوێندنی باڵا لە (٣٠/٥/٢٠٢٠) دەست پێ دەکاتەوە.


2. خوێندنی ئەلکترۆنی (پاڵپشتیکار) لە ئێستادا بەردەوام دەبێت تاکو دەستپێکردنەوەی خوێندنی نێوکامپەس، و لەدوای ئەوەش پاڵپشت بە خاڵی (٩) لە بڕگەی سێیەمی ماددەی هەژدەیەم لە یاسای ژمارە (١٠)ی ساڵی (٢٠٠٨)، خوێندنی ئەلیکترۆنی هاوشانی خوێندنی ئاسایی نێوکامپەس پەیڕەودەکرێت هاوشێوەی زانکۆ جیهانییەکان و بەمەبەستی دانەبڕانی خوێندکاران و قوتابیان لە سیستمە ستانداردە جیهانییەکان و تەکنەلۆجیای سەردەم.


3. ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ساڵنامەی زانکۆیی بۆ تەواوکردنی پرۆگرامی ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠) ڕێکخستەوە، هەروەها لە چوارچێوەی سەربەخۆیی کارگێڕێ، زانکۆکان دەسەڵاتیان پێدرا بۆ گونجاندنی ساڵنامەکە لەگەڵ سیستمی خوێندن و تایبەتمەندێتی زانکۆکان.


4. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو توانا سنوردارەی زانکۆ حکومییەکان، ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گفتوگۆی لەبارەی پلانی وەرگرتنی خوێندکاران و قوتابیان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) کرد، هەروەها کۆبونەوەکە بە ووردی تیشکی خستە سەر ئەو ئاڵنگاری و کێشەو گرفتانەی کە دێنە ڕێی زانکۆکان لە خوێندنی ساڵی داهاتودا وەک کەمی هۆڵ و تاقیگە و بەشی ناوخۆیی و توانا ماددی مرۆییەکان و هەروەها لەمپەرەکانی بەردەم سەربەخۆیی دارایی زانکۆکان، بۆ ئەم مەبەستەش کۆبونەوەی داهاتوی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تەرخان کرد بۆ پێداچونەوە بە پلانی پێشکەشکراو لەلایەن زانکۆکان و گونجاندنی لەگەڵ ئەو بارودۆخەی هاتۆتە پێشەوە، لە پێناو ڕەخساندنی زۆرترین دەرفەتی خوێندن بۆ قوتابیان و خوێندکارانی پۆلی (١٢)ی ئامادەیی، بۆ ئەمەش ئەنجومەنی وەزارەت جەختی کردەوە کە بەوپەڕی تواناوە وەزارەتمان بەشێک دەبێت لە چارەسەری ئەم پرسە.


سەرجەم بڕیارەکانی کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزارەت سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانیش دەگرێتەوە.
 


AM:12:17:07/05/2020