حکومەتی هەرێم دەستی بەوەرگرتنەوەی قەرزی کۆمپانیا ناوخۆیەکان کرد

 لیژنەیەكی یاسایی دروستكراو بەبڕیاری ئەجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ دەستی بە ئەنجامدانی رێكاری پێویست کرد بۆ وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەكان لە بازرگانان لە ماوەیەكی دیاریكراودا.


 د. عەبدولحەكیم خەسرۆ، بەرپرسی پەیوەندییەكانی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاندووە "لە یاسای ژمارە دووی چاكسازی ماددەی 13ـدا هاتووە، كە پێویستە ئەو بازرگانانەی قەرزیان لەسەرە، بیگەڕێننەوە و لە لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان بڕیار دراوە و پێویستە وەزارەتی دارایی رێكاری یاسایی بگرێتە بەر بۆ وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەكان لە بازرگانان و پێداچوونەوە بەو موڵكانەدا بكرێت كە گەرەنتی كراون بۆ دانەوەی قەرزەكان، كە ئەو كارەش بە هەماهەنگی لەگەڵ سكرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت".


ئەو بەرپرسە بەماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە "وەزارەتی دارایی و وەزارەتی داد و دەستەی وەبەرهێنان هاوكار دەبن و لە 10ی مانگ، واتا ئەمڕۆ، دەست بەوەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەكان دەكرێت".


ناوبراو باسی لەوەش كرد: "لیژنەیەكی یاسایی پێكهاتووە، كە دەستی بە كاری خۆی كردووە و ئەمڕۆش ئەو لیژنەیە دەست بە رێكارەكان دەكات بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكان لە ماوەیەكی دیاریكراودا و هیچ رێگرییەكیش نییە بۆ ئەوەی ئەو قەرزانە وەربگیرێنەوە".


حكوومەت نزیكەی ٧٥٠ ملیۆن دۆلاری لای بازرگانانە و ئەنجومەنی وەزیرانیش بڕیاری داوە ئەو قەرزەی لای بازرگانانە، لێیان وەربگیرێتەوە.




PM:10:23:10/05/2020