سلێمانی.. بڕێك پەتاتە لە ناودەبرێت

بەهۆی چەكەرە و دوبارە سەوز بونەوەی، لیژنەكانی قائیمقامیەت‌ دەست بەسەر بڕێك پەتاتەدا دەگرن‌ و پسپۆرانی بواری خۆراكیش هۆشیاری دەربارەی نەخواردنی ئەو جۆرە پەتاتە بە هاووڵاتیان دەدەن.

هاوڕێ قادر سەرۆكی لیژنەی كۆگاكانی سەر بەلیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند" بەهۆی چەكەرە كردن و دوبارە سەوز بونەوەی، لیژنەكە‌ لە كۆگایەكی كارگەیەكی دروستكردنی جپسی پەتاتە دەستی بەسەر بڕی (250) كیلۆگرام پەتاتەدا گرتووە".

وتیشی" خاوەنی شوێنەكە سەرقاڵی نۆژەنكردنەوەی كارگەكەی بووە، بەڵام ئەو بڕە پەتاتەی لەناونەبرد و بەنیاز بووە بەكاریبهێنێت بۆ دروستكردنی جپس".

ئاماژەی بەوەكرد" بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی دەست بەسەر پەتاتەكەدا گیراوە و لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە لەناو دەبرێت و خاوەنەكەشی روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە".

بەپێی رێنماییەكانی پسپۆڕانی بواری خۆراك خواردن و بەكارهێنانی ئەو جۆرە پەتاتەی چەكەرەی كردبێت نابێت بخورێت لەوبارەیەوە لەشكر حەمید، ئەندازیازیاری خۆراك و سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند" ئەو پەتاتانەی چەكەرەیان كردوه یان سەوزبونەتەوە‌ یان نەرم بووە یاخود لەزەویدا زۆر ماوەتەوه، شیاوی خواردن و رواندنەوە نیە و زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت".

وتیشی: بەهۆی شێواز و ماوەی عەمباركردن و بەكارهێنانی ماددە قڕكەرەكان، مادەكانی (سۆلانین) و (ئەلفا كانونین) دروست دەكات، ئەمەش دەبێتە هۆی كارلێكی كیمیایی و سەوز بونەوە و چەكەرەكردن و گۆڕینی كاربۆهیدات بۆ شەكرەكان، لەشی مرۆڤ توشی ژەهراوی بوون دەكات.

رونیكردوەتەوە:  پەتاتە نابێت لە شەش مانگ زیاتر هەڵبگیرێت لەبەر ئەوەی پلەی گەرما و شێ‌ زیانی پێدەگەیەنێت و جۆرە ماددەی (دایۆكسین) و (سلیكات) دروست دەكات كە مادەی ژەهرییە و زیانی بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیه.

لەشكر حەمید، هۆشیای بەهاوڵاتیان دەدات لە نەخواردنی پەتاتەی  ‌چەكەرەكردو دەڵێت" پێویستە ئەگەر پەتاتە چەكەرەی كرد یان سەوز بوو بەهیچ جۆرێك نەخورێ".

AM:10:55:13/05/2020