فرۆشتنی گۆشتی ئاژەڵ بەشێوەی نایاسایی قەدەغە دەكرێت

قائیمقامیەتی سلێمانی رایدەگەێنێت، لە پێناو پاراستنی تەندروستی گشتیدا فرۆشتنی گۆشتی لەسەر شەقامەكان و دەروازەكانی شاردا بە هەموو شێوەیەك قەدەغەدەكرێت.

لە راگەیەنراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانیدا هاتووە كە لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە دەروازە و رێگە سەرەكییەكانی شاری سلێمانی هەڵمەتێكی بەرفراوانیان رێكخست بەمەبەستی رێگری كردن لە دیاردەی سەربڕین و فرۆشتنی گۆشتی ئاژەڵ كە لەسەر رێگەكاندا بە تایبەتی لە رۆژانی هەینیدا بە شێوەیەكی بەرچاو  بەدیدەكرێت.

دەقی راگەیەنراوەكە:


لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە پێناو پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیاندا رێگەنادەن گۆشت لە سەر شەقام و دەروازەكانی شاری سلێمانی بەشێوەیەكی نایاسایی  و رێگە پێنەدراو بفرۆشرێت و هەر كەسێكیش سەرپێچی ئەم بڕیارە بكات رووبەڕووی سزای یاسایی دەكرێتەوە.

لەم ڕووەشەوە ئەمڕۆ هەینی 16/5, لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە دەروازە و رێگە سەرەكییەكانی شاری سلێمانی هەڵمەتێكی بەرفراوانیان رێكخست بەمەبەستی رێگری كردن لە دیاردەی سەربڕین و فرۆشتنی گۆشتی ئاژەڵ كە لەسەر رێگەكاندا بە تایبەتی لە رۆژانی هەینیدا بە شێوەیەكی بەرچاو  بەدیدەكرێت ، لەو هەڵمەتەدا لیژنەكان دەستیان گرت بەسەر بڕێك گۆشت و چەند كەرەستەیەكی تایبەت بە سەربڕینی ئاژەڵدا.

سۆران عەبدولغەفور سەرۆكی لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیش رایگەیاند سەربڕین و فرۆشتنی گۆشتی ئاژەڵ لە سەر رێگەكان كارێكی رێگە پێنەدراوە و هەموو ئەو ئاژەڵانەی كە لەو شوێنانەدا سەر دەبڕدرێن پشكنینیان بۆ نەكراوە ئەمەش مەترسی بڵاوبونەوەی نەخۆشی جۆراو جۆری لێ دەكرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد،هەڵمەتەكانیان بەردەوام دەبێت و لە پێناو پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیاندا رێگە نادەن گۆشت لەسەر رێگەكان بەشێوەیەكی نایاسایی بفرۆشرێت . راشیگەیاند پاش ئەوەی لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا چاودێری هەموو ئەو رێگە سەرەكیانەیان كردووە كە ئاژەڵی تێدا سەر دەبڕدێت تائاستێكی بەرچاو دیاردەكە رووی لە كەمبوونەوە  كردووە ووتیشی هەڵمەتەكانیان بەردەم دەبێت تا ئەو كاتەی دیاردەكە بەتەواوی بنەبڕدەكرێت.

راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی



PM:01:31:16/05/2014