پهرلهمانتارێكی یهكێتی نیشتمانی كوردستان ههموو بهڵگهكانی لهسهر دۆسیهی بردنهدهرهوهی ٦ ملیار یۆرۆكه له ههولێرهوه ڕادهستی داواكاری گشتی كرد.
كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی لە نوسینێکیدا لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "فەیسبووک" ئاماژەی بەوەکردووە" دوای ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممە هەموو بەڵگە و دۆسییەی (٦) ملیار یۆرۆکەم لە ڕێگەی ئیمەیلەوە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی کرد، ئەمڕۆ سەردانی داواکاری گشتی هەرێممان کرد و هەموو بەڵگەکانم لە دوتوێیی (٤٠) دۆکیمێنت ڕادەستی سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێم کرد".
کاروان گەزنەیی لە بەشێکی تری نوسینەکەیدا دەشڵێت" ئەرکی ئێمە وەکو ئەندامانی پەرلەمان بە گوێرەی پێڕەوی ناوخۆ بەدواداچوون و گرتنەبەری ڕێکارە پەرلەمانییەکانە بۆ پرسە گشتییەکانی، وەکو کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و هتد، و ئەرکی دادگاکانیشە کە ڕاستی و ناڕاستی دۆسییەکان لە ڕووی یاساییەوە یەکلا بکەنەوە".
ڕاشیگەیاند" داواکارم لە دەستەی داواکاری گشتی کە بە خەمخۆرییەوە ئەم دۆسیەیە ئاڕاستەبکەن، کە پەیوەستە بە تەواوی خەڵکی کوردستان-ەوە، هاوکات داوامان کردووە کە لە ئەنجامی ڕاستی و ناڕاستی دۆسیەکە و تەواوی بەڵگەکان ڕای گشتی لێ ئاگادار بکەنەوە".
سەبارەت بەو سكاڵایەی لەسەری تۆماركراوە گەزنەیی دەڵێت" گوایە کە سكاڵایەك لەسەر بەندە هەیە لەسەر هەمان بابەت، هەڵبەت لەکاتی خۆیدا قسەی جددیمان لەسەر ئەم سکاڵایە دەبێت".
ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژی ١٣ی ئایاری ٢٠٢٠ کاروان گەزنەیی رایگهیاند" کۆمپانیایەک لە هەولێر بەناوی (ئابوور گروپ) نزیکەی (٦) ملیار یۆرۆ، دەنێرێتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەی کەناری وارف لە لەندەن بۆ بانکیHSBC کە یەکێکە لە گەورەترین بانکەکانی جیهان". هەروەها لە بەرامبەردا كۆمپانیای ئابور لاند ئەو هەواڵەی رهتکردەوە و وتی" كڵێشەو مۆری كۆمپانیاكە بەشێوەی ئەلكترۆنی بەكارهاتووە و ساختهكراوه".
کۆمپانیای ئابور لاند داواشیکرد کە داواكاری گشتی و چاودێری دارایی لەسەر ئەو بابەتە بێنە دەنگ و راستی بابەتەكە رونبكەنەوە.