ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید: پێویسته‌ حكومه‌تی هەرێم ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنی پێشوەخت به‌ڕێوه‌بچێت

ئه‌ندامێکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند" پێویسته‌ حكومه‌ت ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌ و له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگدا به‌ سیستمی فره‌بازنه‌یی و چاره‌سه‌ری كورسی كۆتا هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌بچێت".

ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نوسیویه‌تی" پێناچێت ئه‌م كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بتوانێت چاكسازی بكات و ناشتوانێت هه‌مو گرفته‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات، په‌رله‌مانیش ناتوانێت ئه‌و ده‌زگایه‌ بێت كه‌ بتوانێت سنور دانێت بۆ حكومه‌ت به‌هۆی لاسه‌نگی له‌نێوان هێزه‌كاندا".

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆیە پێویستە هێزە سیاسیەكان چارەسەرێك بۆ ئەم بارودۆخە لەم دۆخە هەستیارەدا بدۆزنەوە بەوەی:

یەكەم : حكومەت دەست لەكار بكێشێتەوە و حكومەتی كاربەڕێكەر كارەكان بەڕێوە بەرێت.

دووەم : پەرلەمان یاسای هەڵبژادنەكان هەموار بكات و سیستەمی فرەبازنە و چارەسەری كۆتاكان و كەمینەكانیشی تیدا بێت.

سێیەم : پەرلەمان بەردەوام بێت و لەماوەی (٦) مانگدا هەڵبژاردن بكرێت، لەژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بۆ كەمكردنەوەی گزی و فرتوفێڵی دەسەڵاتدارەكان و لەهەمانكاتدا وەرگرتنی شەرعیەتی نیودەوڵەتی .

چوارەم : شاندێكی هاوبەش لەهێزە پێكهێنەرەكانی پەڕلەمان لەگەڵ بغداد دانوستان بكەن لە چوارچێوەی دەستور و یاسا كارپێكراوەكان.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید جەختیشی كردۆتەوە: ئەم بابەتە دەبێت ببێتە باس و خواستی هێزە سیاسی و میدیا كاریگەرەكان تا دەرئەنجامێكی گونجاو بەدەست دێت ئەگەر نا لەدەستدانی ئەوەی كە هەیە لە ئارادایە.



PM:04:44:20/05/2020