قوباد تاڵەبانی: ئێستا لێکتێگەیشتن لە هەموو كات زیاترە لەگەڵ بەغدا

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند" لە ئێستادا لێکتێگەیشتن لەهەمووکات زیاترە لەگەڵ کابینەکەی مستەفا کازمی و گەشبینن بە گەیشتن بە رێکەوتن".

 

قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌په‌یامێكدا به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنی ره‌مه‌زانه‌وه‌، پیرۆزبایی له‌هه‌مولایه‌ك كردوه‌ و راشیگه‌یاندوه‌" حكومه‌تی هه‌رێم به‌ هه‌موو توانایەوە له‌ هه‌وڵدا ده‌بێت بۆ دابینكردنی موچه‌ و چاره‌سه‌ركردنی ڕیشه‌یی ئه‌م كێشه‌یه‌، له‌م پێناوه‌شدا كاری پێویستمان كردوه‌ بۆ رێككه‌وتنی گشتگیر و دادپه‌روه‌رانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ند".

 

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی قوباد تاڵه‌بانی:

هاوڵاتیانی خۆشەویست...

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی رەمەزان، لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە هەموولایەک دەکەم، دەخوازم ئەم بۆنەیە ببێتە هەوێنی ئاشتەوایی و یەکڕیزی لە كوردستان تاکو پێکەوە ڕووبەڕووی تەنگەژەكانی بەردەممان ببینەوە.

لەسەرەتای ئەمساڵەوە كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، كاریگەریی خراپیان لەسەر بەرنامەكانی حکومەت بۆ چاکسازی و بنیاتنانەوە و رەخساندنی هەلی كار دانا، گرنگیدانی ئێمەشی گۆڕی بۆ پاراستنی تەندروستی و دابینکردنی موچە.

بە هەوڵ و ماندووبوونی تەندروستکاران و هێزە ئەمنییەكان و پابەندیی هاوڵاتیان، رێگری كرا لە تەشەنەكردنی پەتای كۆرۆنا، بەڵام هێشتا مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بەردەوامە، ئەمەش دەمانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی بەردەوامیی پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان.

حكومەتی هەرێم، بەخودی سەرۆکی حکومەت و بەندە و وەزیرە بەڕێزەکانەوە، بە هەموو توانامانەوە لە هەوڵدا دەبین بۆ دابینکردنی مووچە و چارەسەركردنی ڕیشەیی ئەم كێشەیە، لەم پێناوەشدا كاری پێویستمان كردوە بۆ رێككەوتنی گشتگیر و دادپەروەرانە لەگەڵ حکومەتی ناوەند. دانوستانەكانمان لەگەڵ بەغدا چڕتر کردووەتەوە و ئێستا لێکتێگەیشتن لەهەمووكات زیاترە و گەشبینین بە گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ كابینەکەی بەڕێز مستەفا كازمی بۆ چارەسەرکردنی بەشی زۆری کێشە هەڵپەسێردراوەکان.

لەدوای 2014 وە گیرۆدەی جۆرەها قەیران بووین، بەڵام هیچ كات بێخەم نەبووین و هەموو دەرفەتەكانمان قۆستۆتەوە بۆ چاكسازی و خاوكردنەوەی گرژییە سیاسییەكان و لەڕێی یەکگرتوویی کابینەی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، توانیمان قەوارەی هەرێمەکەمان بپارێزین و لەکێشەی ناوخۆیی بەدووری خەین. جگە لەمەش، تۆماری بایۆمەتری و بە ئەلەکترۆنیکردنی هەندێ لەكارەكانی حکومەت، پڕۆژەی خزمەت و وردبینیکردنی داهاتی نەوت و یاسای چاکسازی بەشێک لەو هەوڵانە بوون كە خەریكە وردە وردە کاریگەرییەکانیان بۆ هەموو لا ئاشكرا دەبێت. لە کابینەی نۆیەمی حکومەتیشدا، توانرا یاسای چاکسازی بەکردەیی پەسەند بکرێت.

لەئێستاشدا وێڕای خەمی دابینكردنی مووچە، ئەرك و خەمی حكومەت بونیادنانی ژێرخانی ئابوری و دابینکردنی خزمەتگوزاری شایستە و چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵییە، ئەم هەنگاوانەش بەبێ دروستکردنی متمانە سەرناگرێت، نابێت دەرفەتەکان بە هۆی ململانێی ناتەندروست و بارگرژی سیاسییەوە لەكیس بدەین، پێویستمان بە دروستکردنەوەی تەباییە لەنێوان لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت، لەنێوان حکومەت و هاوڵاتیان، لەنێوان حکومەت و کەرتی تایبەت و دواجاریش لەنێوان هەرێم و بەغدا.

لە کۆتاییدا خوازیارم جەژن ببێتە بۆنەیەك بۆ ئاشتەوایی سەرانسەری، بۆ پتەوكردنی تەبایی نێوانمان. جارێکیتر جەژنی هەموو لایەك پیرۆز بێت بەتایبەت خانەوادەی شەهیدە سەربەرزەکان و پەرستشی رۆژووەوانانیش قبوڵ بێت و هەمووان پارێزراو و تەندروست بن.



ئه‌م بابه‌ته ‌300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:07:52:23/05/2020