پارتی بۆ پەكەكەو پارتی چارەسەر: كاری سەرەكیتان ئەوەیە رێگە لە سەركەوتنەكانی گەلی كورد بگرن

دوای‌ ئەوەی‌ پارتی‌ بە "بێسەروشوێنكردنی‌" ژمارەیەك گەریلا تۆمەتباركرا، ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارێزگای هەولێری پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی پەكەكە‌و پارتی‌ چارەسەر‌ دەداتەوەو بە "كۆسپی‌ بەردەم بزوتنەوەی‌ رزگاریخوازی‌ كورد" ناویان دەبات. 
لە راگەیەندراوێكدا ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارێزگای هەولێری پارتی دیموكراتی كوردستان لە وەڵامی ئەو خۆپیشاندانەی كە هەفتەی رابردوو ژمارەیەك لە كەسوكاری بێسەروشوێنكراوانی ژمارەیەك گەریلا لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان سازیانكرد، وەك ئاماژەیەك بۆ پەكەكە رایدەگەیەنێت "ئێستا جەماوەری كوردستان زۆر باش لە ئێوە و ماهییەت و ئامانجەكانتان گەیشتوون. ئێوە تەنیا بۆ تێكدان هاتوون و كاری سەرەكیتان ئەوەیە رێگە لە سەركەوتنەكانی گەلی كورد بگرن".

دەقی راگەیەندراوەكە:

رۆژی پێنجشەممە، ژمارەیەك لە ئەندامانی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستانی سەربە پەكەكە لە هەوڵێكی چەواشەكارانەدا، گردبوونەوەیەكیان لە بەرانبەر پەرلەمانی كوردستان ئەنجام دا و كۆمەڵێك تۆمەتی بێبنەمایان ئاراستەی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد و داوای چارەنووسی ئەو كەسانەیان دەكرد كە لە شەڕی سەپێندراوی پەكەكە لە دژی خەڵكی هەرێمی كوردستان بێ سەروشوێنن.
لە بەرانبەر ئەم هەوڵە بێسوودەی ئەوان دەڵێن بەر لە هەموو شتێك ئەوانە  كێن؟ و بە چ حەقێك رێگە بە خۆیان دەدەن قسە بكەن و چەواشەكاری لە دژی هەرێمی كوردستان بكەن؟ تاقمێك كە مۆڵەتی كاری سیاسی نیە و كلكێكی پەكەكەیە بۆ تێكدان و چەواشەكاری لە باشوری كوردستان بە چ مافێك دێت و گردبوونەوە ئەنجام دەدات. ئەبێ پرسیاریان لێ بكرێ كە ئێوە كێن؟ دروستكراوی دەستی كێن و بۆچی دروست كراون؟ ئێوە و پەكەكە چ دەستكەوتان بۆ گەلی كورد هەبووە؟ جگە لە تێكدان وشێواندن و چەواشەكاری و دروستكردنی كۆسپ و تەگەرە لە بەردەم بزوتنەوەی رزگارییخوازی كوردستان، چیتان كردووە؟، بیرتان چووە لە سەرەتای نەوەدەكان بە فیتی موخابەراتەكانی دەوروبەر شەڕتان بە سەر گەلی كوردستان سەپاند و بەو هۆیەوە خەڵكێكی زۆر شەهید كران؟
 ئەوان دەڵێن نزیكەی هەشتا گەریلا لە ساڵی هەزار و نۆسەد و نەوەدوشەش لە هەولێر كوژران، ئەگەر ئەمەیان راست بێ، پرسیار ئەوەیە: هەشتا گەریلا لە ناو شاری هەولێر چیان دەكرد؟ ئەگەر بۆ پیلان نەبووبێت ئەو چەكدارانە بۆ لە هەولێر بوون؟، دەیان ساڵە زەوی و موڵكی خەڵكیان لە سەر سنوورەكان داگیركردووە و باج لە خەڵك وەردەگرن و ژن و منداڵ دەرفێنن و بازرگانی موخەدەرات دەكەن، كێ مافی ئەوەی بە ئێوە داوە هەرێمی كوردستان داگیر بكەن؟ ئەگەر راست دەكەن بۆ ناچنە جوگرافیا و شوێنەكانی خۆتان چالاكی بنوێنن، ئەوە پیشان دەدات كە ئێوە بە مەبەست و بۆ سەر ئێشە و رێگەگرتن لە سەركەوتنەكانی گەلی كوردستان بەتایبەت لە باشوور، راسپێردراون. كەس لە بیری ناچێت كە لە دوای شاڵاوی ئەنفال لە دژی گەلی كورد لە باشوور لە بری ئەوەی بەرگری لە باشوور بكەن كۆیلایەتی رژێمتان هەڵبژارد و بۆ سەلماندنی  نۆكەریتان بۆ بەعس چەند پێشمەرگەی باشوورتان دایە دەست بەعسییەكان، وەك محەممەد حەمدی و ئیدریس ‌(ئەحمەد كادیر) و نزار محەممەد خرابی و سەعدوللا ئاڤدەل و خالید وەرملی و نزمی وەرملی. ئەی كێ لە خوێنی ئەوانە بپرسێت؟ پارتی چارەسەری و پەكەكە با وەڵام بدەنەوە ئەو تێكۆشەرانەتان بۆ دایە دەست بەعس؟ ئەوە ئێوە دەبێ بدرێن بە دادگای گەل؟ ئەی ژن و منداڵی گوندی دێزۆ چ گوناهێكیان كردبوو كە شەهیدتان كرد و دواتر لە نێو خانووەكانیاندا، سوتاندتان؟ ئەی وەڵامی ئەو خەڵكە بێ گوناهە چۆن دەدەنەوە كە بە هۆی مینەكانی ئێوە لەسەر رێگاكان شەهید و بریندار بوون. ئەی چۆن وەڵامی كادر و ئەندامەكانتان لە هەر چوار پارچە دەدەنەوە كە تەسفیە و تیرۆرتان كردوون، چونكە زانیوتان ئێوە بە دوای چین و بۆ بەرژەوەندیی كوردستان كارناكەن. لە كۆتاییدا رایدەگەیەنین كە پێویستە ئەم سەرلێشێواوانە سنووری خۆیان بزانن، ئیتر بەسە شەڕ فرۆشتن بە پارتی دیموكراتی كوردستان، سەبر و دان بە خۆداگرتنی ئێمەش سنووری خۆی هەیە.
ئێستا جەماوەری كوردستان زۆر باش لە ئێوە و ماهییەت و ئامانجەكانتان گەیشتوون. ئێوە تەنیا بۆ تێكدان هاتوون و كاری سەرەكیتان ئەوەیە رێگە لە سەركەوتنەكانی گەلی كورد بگرن، بەڵام خەیاڵتان خاوە و گەلی كوردستان زۆر لەوە بەهێزترە، بكەوێتە داوی نۆكەری بێگانە.

ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارێزگای هەولێری پارتی دیموكراتی كوردستان
2014/5/17



AM:11:34:18/05/2014