حكومه‌تی هەرێم ڕوونکردنەوه‌ لە بارەی قەرز و ئیلتیزاماتە داراییەکانی هه‌رێمی كوردستان ده‌دات

نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی قەرزەكانی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەك بڵاو دەكاتەوە و ئاشكرای دەكات، ئەو گوژمەیەی ئاماژەی پێ دەكرێت، پاشەكەوتی مووچەیە و دەچێتە خانەی ئیلتیزاماتی دارایی هەرێمی كوردستان.

 

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌:

 

ڕوونکردنەوەیەک لە بارەی قەرز و ئیلتیزاماتە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان 

لە چەند مانگی ڕابردوودا و لە چەندین بۆنەی جیادا بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە بابەتی قەرزەکانی ھەرێم داوە و ڕوونی کردووەتەوە کە بەشێکی زۆری ئەو گوژمەیەی ئاماژەی پێدەکرێت، پاشەکەوتی مووچەیە و  دەچێتە خانەی ئیلتیزاماتی دارایی ھەرێم،  کە ھۆکارەکەشی نەناردنی بەشە بودجەی ھەرێم لە بەغداوە بووە . لە راستیشدا ئەو کوژمەیە دەبێتە ئیلتیزامی دارایی بەغداش بەرامبەر بە ھەرێم.

 

دوای ئەوەی لە دوا وتاری بەڕێزیان دیسان ئاماژە بەو بابەتە درا، ژمارەیەکی زۆر لە کەس و لایەنەکان کە تا ئێستا بێدەنگ بوونە، ھاتنە ئاخاوتن و ڕوونکردنەوەیان داوە کە ئەو قەرزانە بەشێکی زۆری پاشەکەوت و ئیلتیزامی داراییە. سوپاسی ھەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەین کە دواجار دانیان بەو ڕاستیانە دانا کە دەمێکە باسیان دەکرێت، مەبەستیان لەو نووسین و ڕوونکردنەوانە ھەرچی بێت، سەلمێنەری ئەوە بووە کە ئەو قەرز و ئیلتیزاماتانە ھەن و دەبێت واقعیانە مامەڵەیان لەگەل بکرێت.

 

وەک جەنابی سەرۆکی حکومەت بەڵێنیداوە کە لەگەڵ ھاووڵاتیانماندا شەفاف بین، بەڕێزیان (بەرێوەبەرایەتی بەرێوەبردن و ھەماھەنگی قەرزی گشتیی لە ئەنجوومەنی وەزیران) راسپاردووە ، تاکو لە زووترین کاتدا ڕاپۆرتێکی ورد لەسەر ھەموو قەرز و ئیلتیزاماتی دارایی حکومەتی ھەرێم ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی ئاڕاستەی پەرلەمان و ڕای گشتیی ھەرێمیش بکرێت.

نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان 
2020/5/26





PM:04:40:26/05/2020