هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی دەكەونە ئامادەباشییەوە

ئەمڕۆ لیژنەی ئەمنی سلێمانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كۆبووەوە‌و ئامادەكارییەكان بۆ ئامادەباشی هەموو هێزە ئەمنییەكان لە كاتی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لە قەزای سلێمانی راگەیەنرا.

لەمبارەوە ئاوات محەمەد سەرۆكی لیژنەی ئەمنی سلێمانی لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ سپی میدیا رایگەیاند: ئەمرۆ لیژنەی ئەمنی قەزای مەڵبەندی سلێمانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كۆبووینەوە بۆ ئەوەی ئامادەكاریی بكەین بۆ كاتی ئاشكراكردنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق‌و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كە هەفتەی داهاتوو ئەنجامەكان ئاشكرا دەكرێت.

ئاوات محەمەد وتی: بۆ ئەوەی لەكاتی ئاشكراكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان‌و بۆ ئەوەی ئاسایش‌و ئەمنی شار تێكنەچێت‌و هیچ رووداوێكی نەخوازراو روونەدا، ئێمە‌و هەموو لایەنە سیاسییەكان كۆبووینەوە‌و بڕیارماندا چۆن لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا هێز ئەمنیەكان لەشەقامەكان ئامادەبوون، لەو هەفتەیەش كە ئەنجامەكان رادەگەیەنرێت، شەقام‌و شوێنە گشتییەكانی شار لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كۆنترۆڵ بكرێت‌و ئیجرائات لەگەڵ هەموو ئەوانەدا دەكرێت كە ببنەهۆی شێواندنی باری ئاسایشی شارەكە‌و تەقەكردن بەئاسماندا.

سەرۆكی لیژنەی ئەمنی سلێمانی جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە لە رۆژی ئاشكراكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنە لە شوێنە جیاجیاكان مەفرەزەی هێزە ئەمنییەكان دەست بەسەر هەرجۆرە چەكێكی بێ مۆڵەت‌و مۆڵەتداردا دەگیرێت.



PM:03:54:18/05/2014