"پارەكەی بەغدا نادرێت بە مووچەی فەرمانبەران"

له‌گه‌ڵ‌ گه‌یشتنی‌ ٤٠٠ ملیار دیناره‌كه‌ی‌ به‌غدا بۆ شاری‌ هه‌ولێر، حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ستی‌ كرد به‌ خه‌رجكردنی‌ پاره‌كه‌ بۆ دانه‌وه‌ی‌ قه‌رزی‌ كۆمپانیاكان.

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (كوردستان24)ی ڕاگەیاندووە" لەو ٤٠٠ ملیار دینارەی بڕیاربوو لە لایەن وەزارەتی دارایی عیراق بگاتە حكومەتی هەرێم تەنیا ٣٨٨ ملیاری گەیشتۆتە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، چونكە هەموو جارێك لەو پارەیەی بەغدا بۆ مووچە دەینێرێت، بانكی ناوەندی عیراق بڕی ١٢ ملیار دیناری لەو پارەیەی هەرێم داوە بە بانكە ئەهلییەكانی هەرێم لە بری قەرزەكانی كابینەی پێشووی حكومەتی هەرێم، كە لە بانكە ئەهلییەكان وەری گرتبوو".

سەرچاوەكە ڕوونیشیكردەوە، كە بۆ مووچەی پێش جەژن، حكومەتی هەرێم بڕی ١٣٨ ملیۆن دۆلاری لە كۆمەڵێك وەبەرهێنەری ناوخۆ بە قەرز وەرگرتووە، كە حكومەت پێویستە لە ماوەی مانگێكدا بۆیان بگەڕێنێتەوە.

ئاشكراشی كردووە: حكومەتی هەرێم ١٥٠ ملیۆن دۆلاریشی وەكو پارەی فرۆشتنی پێشوەختە، لە كۆمپانیاكانی نەوت وەرگرتبوو، لەگەڵ ئەو داهاتەی لە بەردەستدابووە، مووچەی پێش جەژنی پێدراوە.

 

 

 




PM:05:00:30/05/2020