سێ مێرمنداڵ خۆیان کوشت

لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا دوو کچ و کوڕێکی مێرمنداڵ لە شاری سەقز هەوڵی خۆکوشتنیان داوە و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی چوارشەممەی ڕابردوو کوڕێکی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوی (دانیال حوسێن پوور) لە گەڕەکی قەوەخی سەقز خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بنەماڵەی دانیال بە هەنگاوی ڕایانگەیاندووە" کە هۆکاری خۆکوشتنی کوڕەکەیان نازانن. بەڵام ئەوەی ڕوونە، دۆخی ئابووری ئەو بنەماڵەیە نابارە بە جۆرێک کە باوکی دانیال لە بەرانبەر وەرگرتنی بڕە پارەیەکی کەم، تاوانی کەسێکی دیکەی بە ئەستۆ گرتووە و ماوەی دوو ساڵە لە بەندیخانەی سەقز ڕاگیراوە".

 

ڕێکخراوی هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە" هەمان ڕۆژ، کچێکی تەمەن ١٤ ساڵی خەڵکی سەقز بە ناوی (ئاڵا عەنبەری) بە هۆکارێکی نادیار خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە".

هەروەها هەنگاو ڕاشیگەیاندووە" ڕۆژی شەممەی ڕابردوو کچێکی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی گوندی ”قەبەغڵوو“ سەر بە شاری سەقز بە ناوی ”موفیدە حەسەن نژاد“ خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە". 

هەنگاو دەشڵێت" ئەو کچە ١٧ ساڵەیە بڕیار بووە ژیانی هاوبەش ۆپێک بێنێت، بەڵام بە هۆی ئەوەی خـێزانەکەی هەژار و دەستکورت بوون و توانایی دابین کردنی ناوجیازییان نەبووە، خۆی هەڵواسیوە". 

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ (ماوەی پێنج مانگ)، لانیکەم ١٦ منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ لە شارە جیاجیاکانی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە ٨ کەسیان کچ و ٨ کەسیان کوڕ بوون.
 



PM:03:05:05/06/2020