زۆربەی پۆستە هەستیارەكانی هەرێم بەدەست بنەماڵەی بارزانی‌و تاڵەبانیەوەن

زۆربەی پۆستە هەستیارەكانی وەك سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حكومەت، جێگری سەرۆكی حكومەت، راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، بەرپرسی دەزگای زانیاری‌و پاراستن، بەدەست كەسانی هەردوو بنەماڵەی بارزانی‌و تاڵەبانیەوەن.
هەرچەندە لەدوای روخانی رژێمی دیكتاتۆری پێشووە لە ساڵی 2003ەوە لەهەرێمی كوردستان پێنج هەڵبژاردنی جیاجیا كراوە، بەڵام رۆژ بەرۆژ پێگەی هەردوو بنەماڵەی بارزانی‌و تاڵەبانی لەناو حكومەت‌و حیزبدا بەهێزتر دەبن.
دوای ئەو پێنج هەڵبژاردنە ئێستا كەسانی بەهێزی ناو پارتی دیموكراتی كوردستان، بنەماڵی بارزانین، هەروەها كەسە بەهێزەكانی ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش كەسانی بنەماڵەی تاڵەبانی‌و كەسانی نزیكی ئەو بنەماڵەیان.
لەسەر ئاستی حكومەتیش، تا ئێستا سەرۆكی هەرێم بەدەست بارزانییەوەیە، هەروەها سەرۆكی حكومەت نێچیرڤان بارزانیە، راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم مەسرور بارزانی، ئەمە جگە لەوەی كەسانی ئەو بنەماڵەیە چەندان كەسیان لەبواری ئەمنی‌و سەربازی باڵادان.
بنەماڵی تاڵەبانیش بەم دواییە خەریكی بەهێزكردنی پێگەی خۆیانن، قوباد تاڵەبانی دەكرێتە جێگری سەرۆكی حكومەت، هەروەها لاهوری شێخ جەنگی بەرپرسی دەزگای پاراستن‌و زانیارییە.   




PM:12:06:19/05/2014