کۆمپانیای فەیسبووک ژمارەیەک پەیج‌و ئەکاوتنی ساختەی سەر بەکەسانی دەزگای زانیاری داخست

پاش ئەوەی کۆمپانیای فەیسبوک ڕایگەیاند سەدان پەیج و ئەکاونتی ساختەی داخستووە کە سەرچاوەکانیان هەرێمی کوردستان بووە، کۆمپانیای گرافیکای بنکە لە نیویۆرک زانیاری زیاتری لە بارەیانەوە بڵاوکردووەتەوە.


گرافیکا دوێنێ هەینی ڕاپـۆرتێکی ٣٢ لاپەڕەیی بڵاوکردووەتەوە ، دەڵێت ئەو پەیج و ئەکاونتانەی فەیسبوک دایخستوون، پشتیوانی کرابوون لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هاوسەرۆکەکەی لاهور شێخ جەنگی بۆ ڕەخنەگرتن لە پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێبەرەکانی لە بنەماڵەی بارزانی.گرافیکا دەشڵێت فەیسبوک بەر لەوەی ئەو پەیج و ئەکاونتانە دابخات لیستێکی لە بارەیانەوە دابوو بە کۆمپانیاکەیان تاوەکو توێژینەوەی سەربەخۆی لەسەریان بکات.


پاشان چەندان نمونەی ئەو پەیج و ئەکاونتەی بە وێنە پـیشانداوە. نمونەش دەهێنێتەوە کە چۆن هەندێکیان بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکتردا کاریان کردووە.


فەیسبوک پـێشتر ڕایگەیاند ٣٢٤ پەیج و ٧١ ئەکاونت و ٥ گروپی فەیسبوک و ٣١ ئەکاونتی ئنستگرامی ساختەیەی داخستووە کە سەرچاوەکانیان هەرێمی کوردستان بوون وە لێکۆڵینەوەکانیان دەریخستووە ئەو پەیج و ئەکاونتانە گریدرابوون بە کەسانێک کە پەیوەندیـیان بە دەزگای زانیاریـیەوە هەبووە.


دەشڵێت بە بەهای نزیکەی ٢٧٠ هەزار دۆلار خەرج کراوە بۆ ڕیکلامی پـۆستەکانیان و زۆربەی بە دۆلاری ئەمەریکایی دراون.


بەپـێی فەیسبوک پەیجەکان کە بە زمانی کوردی و عەرەبی بوون، نزیکەی ٤،٤ ملیۆن فۆڵۆیان هەبووە، گروپەکانیش نزیکەی 160 ئەکاونت پەیوەندیـیان پـێوە کردوون. و ئەکاونتەکانی ئنستگرامیش نزیکەی ٢٢٦٠٠ فۆڵۆیان هەبووە.
 


PM:12:38:06/06/2020