هەپەگە: دوو سەرباز لە شرناخ كوژران

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل– هەپەگە، ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، لە چوارچێوەی هەنگاوی تۆڵەكردنەوەی شەهید مەدیا ماوا و شەهید ڕزگار گەڤەردا، هێزەكانمان دژی یەكینەی ئۆپەراسیۆنەكەی چالاكییان ئەنجامدا، لەو چالاكییەدا دوو سەرباز كوژران و یەكێكی دیكەش برینداربوو.

 

ڕاگەیەنراوی هەپەگە بەم شێوەیەیە:

 

جولەمێرگ

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێری شەهید باگەر و شەهید ڕۆنیادا، هێزەكانمان ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە كاتژمێر ٠٩:٣٠ خولەكی بەیانی، لە ناوچەی شەمزینانی جولەمێرگ، ئۆتۆمبێلێكی جۆری ڕئۆ سوپای داگیركەری توركیان لە ڕێگای نێوان گردی هێلیكۆپتەر و خاپوشكە كردە ئامانج، هاوكات مۆڵگە و حەشارگەكانی دوژمنیش لەلایەن هێزەكانمانەوە كرانە ئامانج، ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی دوژمن لەم چلاكییەدا ڕوون نەبووەتەوە.

شرناخ

هەروەها هاتووە: سوپای داگیركەری تورك ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە، لە ناوچەی قلەبانی شرناخ لە مەیدانەكانی؛ قەڵا مەمێ، تران و شێخ ئەبوبەكر دەستی بە ئۆپەراسیۆن كرد، لە چوارچێوەی هەنگاوی تۆڵەكردنەوەی شەهید مەدیا ماوا و شەهید ڕزگار گەڤەردا، هێزەكانمان دژی یەكینەی ئۆپەراسیۆنەكەی چالاكییان ئەنجامدا، لەو چالاكییەدا دوو سەرباز كوژران و یەكێكی دیكەش برینداربوو، هەر ئەو ڕۆژە كاتژمێر ٠٤:٠٠ی ئێوارە، ئۆپەراسیۆنەكە بێئەنجام كۆتاییهات و چەند كۆچەرییەك كە لە كوێستانەكان پەزیان دەلەوەڕاند دەستگیركران.

سێرت

لە بەردەوامیدا هاتووە: سوپای داگیركەری تورك ٤ی ئەم مانگە لە دەوروبەری گوندی سیانس لە ناوچەی هاوێل سەربە سێرت، دەستی بە ئۆپەراسیۆن كرد، ڕۆژێك دوای ئەوەش بە فڕۆكە و هێلیكۆپتەر ناوچەكەیان بۆردوومانكرد و سەربازییان لەوێ دابەزاند، هەر ئەو ڕۆژە كاتژمێر ٠٣:٠٠ دوانیوەڕۆ بە كشانەوەی هێزەكان كۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەكە هات، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، دوو هەڤاڵمان كە قارەمانانە دژی دوژمن شەڕیان كرد، شەهید بوون، كە دواتر ناسنامەیان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا دەكرێت.

لە كۆتاییش هاتووە: فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای داگیركەری تورك، ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە كاتژمێر ٠٢:٣٠، گەلیی ئاڤاشین لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیایان بۆردوومانكرد، لەو هێرشەدا زیانێك بەر هێزەكانمان نەكەوت.



PM:09:34:08/06/2020