فرسەت سۆفی: کاتی هەڵوێست وەرگرتنە بەرامبەر ئەوانەی دەروازەی سنووریان واڵاكرد

پارێزگاری هەولێر، د. فرسەت سۆفی دەڵێت "كاتی ئەوەھاتووە خەڵك لەوانە بپرسێت كە تا دوێنێ ئەو پرسەیان تێكەڵی ململانێی سیاسی كرد، دەیانوت ئەم ڤایرۆسە بۆ ئەوەیە خۆپیشاندان لە ھەولێر نەكرێت و مووچە دابەش نەكرێت".


لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا لە هەولێر، فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، وتی " ئەمانە بوون دۆخەكەیان بە ئێستا گەیاند و ئێستا لە زۆربەی قەزا و گەڕەكەكان كۆرۆنا بڵاوبووەتەوە. كاتی ئەوەیە خەڵكی ھەرێمی كوردستان ھەڵوێست بەرامبەر ئەوانەی وەرگرێت كە بۆ باری قاچاغ و بیركردنەوەی تەسك ھەندێك دەروازەی سنووریان واڵاكرد و رێكارەكانیان شل كرد، ئەوانە كە بەرپێی خۆشیان نابینن ئەو دۆخەیان بە ئێستا گەیاندووە و لە قۆناغێكی مەترسیدارداین، بەڵام بەو مانایە نییە كە ئێمە وەك حكومەتی ھەرێم دەستبەرداربین، بەڵكو لە ھەموو كات جددیترین بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە، بەڵام بە میكانیزمی دیكە، بەجۆرێك ھەم خەڵك كارو كاسبی خۆی بكات و ھەمیش رێكارەكان جێبەجێ بكەن".


پارێزگاری ھەولێر لە درێژەی قسەکانیدا وتی " بەھۆی جددی بوونی حكومەتی ھەرێم لە قۆناغی یەكەمدا توانیمان تاڕادەیەكی باش كۆرۆنا كۆنترۆڵ بكەین، سەرۆكی حكومەت رۆژانە خۆی چاودێری دۆخەكەی دەكرد و لەسەر خەت بوو، بەڵام بەداخەوە ھەندێك كەس و لایەن ئەم پرسەیان بە سیاسی كرد و تێكەڵی ململانێی سیاسیان كرد، وایانكرد ئێستا دۆخی ھەرێمی كوردستان رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپی بڕوات، ئەگەر بەمشێوەیە بڕوات و خەڵك بە تەواوی رێكارەكانی خۆپارێزی نەگرنەبەر بەرەودۆخێكی خراپتر دەڕۆین".


د. فرسەت سۆفی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دۆخی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە هەولێر مەترسیدارەم بەڵام لەژێر کۆنترۆڵ دەرنەچووە.
 


PM:12:14:09/06/2020